ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزە لە ژاپۆن گەیشتە ٩٢ کەس

ژمارەی ئەو کەسانەی لە بوومەلەرزەیەکدا لە پارێزگای ئیشیکاوای ڕۆژئاوای ژاپۆن و کەنارەکانی نیمچە دوورگەی نۆتۆ گیانیان لەدەستدا، بۆ ٩٢ کەس بەرزبووەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ئامارەکانی دەزگای کەشناسی ژاپۆن (JMA)، ژمارەی ئەو کەسانەی لە بوومەلەرزەیەکدا لە نیمچە دورگەی نۆتۆ و کەنارەکانی ئیشیکاوا گیانیان لەدەستداوە بۆ ٩٢ کەس بەرز بووەتەوە، لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە بوومەلەرزەکان، لەگەڵ بەردەوامبوونی دوای بوومەلەرزەکان، پارێزگاری پارێزگای ئیشیکاوا ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٣٠٠ بریندار لە سەرتاسەری ناوچەکە چارەسەر کراون.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، زیاتر لە ٤٠ کەس لە ژێر داروپەردوودا و زیاتر لە ٧٠٠ کەسیش لە خاڵە جیاوازەکاندا گیریان خواردووە بەهۆی داخستنی ڕێگاوبانەکانەوە، هەروەها ڕاگەیەندراوە کە زیانێکی بەشەکی لە ١٦٥ قوتابخانە و دامەزراوەکانی سەرتاسەری هەرێمدا دەستنیشان کراوە، لە کاتێکدا نزیکەی ٣٣ هەزار کەس لە ٣٧٠ خاڵدا ماونەتەوە.

 

هۆشدارییەک بڵاوکراوەتەوە کە بەردەوامی بارانبارین لە سەرتاسەری نیمچە دورگەی نۆتۆ ئەگەری هەیە زەوی لەرزین دروست بکات، هەروەها کێشەیەک هەیە بۆ گەیاندنی کارەبا بۆ ٣٠ هەزار ماڵ و ئاو بۆ ٨٠ هەزار ماڵ لە ناوچەکەدا، تا ئێستا چارەنووسی زیاتر لە ٢٤٠ کەس نادیارە.