شاندی ژنانی باکووری کوردستان سەردانی ژنانی زەحمەتکێشان و چەندین لایەنی دیکەیان کرد

لە درێژەی سەردانیەکەی شاندی ژنانی باکووری کوردستان، ئەمڕۆ سەردانی چەندین لایەنیان کرد و یەکخستنی شۆڕشی ژنانیان دووپاتکردەوە.

سلێمانی

 

لە درێژەی سەردانیەکەی شاندەکەی باکووری کوردستان بۆ هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوو لە سەباحەت ئەردۆغان، ئەندامی پەرلەمان لە شاری سێرت، عەدالەت چیمەن، هاوسەرۆکی شارەوانی سلۆپی، گوڵبەهار گوزەل، بەرپرسی ڕێکخراوی ژن، نەسلیهان ئاجەر، ئەندامی کۆنگرەی گەلی دیموکرات، گوڵبەهار ئاڵپ سۆی، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە، ئەمڕۆ سەردانی ژنانی چەند لایەنێکی جیاوازیان کرد.

 

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سەردانی ژنانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کرد و باسیان لە دۆخی ژنان کرد و هەلسەنگاندنیان بۆ ڕەوشی ژنان لە پارچەکانی کوردستان کرد، پاشان سەردانی ژنانی حزی شوعی ' کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان'یان کرد، وا بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر ٤ی پاش نیوەڕۆ سەردانی ڕێكخراوی پەیوەندییەكانی ژنانی كورد-ڕێپاک بکەن.

 

شاندەکەی ژنانی باکووربە ئامانجی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەن و کەسایەتی و ڕێکخراوەکاندا پرسی گەلی کورد، دۆخی ژنان لە پارچەکانی کوردستان هەڵدەسەنگێنن و ئامانجیان پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەییە. 

 

"ئامانجیانە تێکۆشانی ژنان یەک بخەن"

لە کۆتایدا شاندەکە لەگەڵ حزبی شوعی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا و ڕایانگەیاند، ماوەی چەند ڕۆژە لە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و سەردانی ژنانی حزب و لایەنە جیاوازەکانیان کردووە، بەو ئامانجەی لە شازدە ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سەردانی ژنان بکەن و باس لەو دۆخە بکەن کە ژنان لە تەواوی جیهاندا تیایدا دەژین، هەروەها هاوپەیمانی ژنان و تێکۆشانی یەکگرتوانەی ژنان ببێتە هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکانی سەر ژنان.

 

لە کۆنگرەکەدا دایکی پەرچەم بەرپرسی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان لقی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەم جۆرە سەردانیانە گرنگن بۆ ئەوەی خەباتی ژنان یەکگرتوانە بێت بۆ کۆتایهێنان بە توندوتیژییەکان و کوشتنی ژنان، چونکە تا ئێستاش لە سەرانسەری جیهان ژن دەکوژرێت و توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت بۆیە پێویستە ژنان تێکۆشانەکانیان یەک بخەن بۆ وەستاندنەوە بە ڕووی توندوتیژییەکاندا.