لە بۆردوومانێکی غەززەدا ٤٤ کەسی دیکە کوژران و بریندار بوون

هێزەکانی ئیسرائیل بۆردوومانی کامپی ئەلنەسیرات و ئەلبریجیان لە ناوەندی کەرتی غەززە و شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی وەفای فەلەستینی، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٩ی تشرینی دووەم، بە هۆی بۆردوومانی ماڵی هاوڵاتییەک بە ناوی زەهد لە ناوەندی کەرتی غەززە لە لایەن فڕۆکەیەکی ئیسرائیلییەوە، ١٣ کەس کوژران، کەناڵی تەلەفزیۆنی ئەلئەقسا ڕایگەیاند: شەوی ڕابردوو بەهۆی بۆردوومانی کامپی ئەلنەسیرات و ئەلبریج ٣١ کەس کوژران.

 

ئاژانسی هەواڵی فەلەستینی بڵاویکردەوە، بەهۆی بۆردوومانی ماڵی هاوڵاتییەک بە ناوی ئەبو ئاکار لە باشووری ڕۆژهەڵاتی خان یونس، ژنێک و منداڵەکانی و چەند کەسێکی دیکە کوژراون، بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی ڕۆژانەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر باشووری کەرتی غەززە و ڕاگەیاندنی وەک "ناوچەیەکی سەلامەت"، دانیشتوانی باکووری کەرتی غەززە بەردەوامن لە کۆچکردن.

 

پێشتریش نووسینگەی هەواڵی حکومەت لە غەززە هەواڵی بوونی تەرمی سەدان فەلەستینی ئاوارە لە سەر ڕێگاکانی باشووری کەرتی غەززەی بڵاوکردەوە، هەروەها وتەبێژی سوپای ئیسرائیل داوای لە خەڵکی غەززە کرد بەرەو باشوور کۆچ بکەن "لە پێناو سەلامەتی خۆیان".

 

دوای دەستپێکردنی هێرشی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی دووەمەوە، بەهۆی بەردەوامیی بۆردوومانی کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، ١٢ هەزار و ٣٠٠ کەس کە پێنج هەزاریان منداڵ بوون و سێ هەزار و ٣٠٠یان ژنن کوژراون، زیاتر لە ٣٠ هەزار کەسیش بریندار بوون.