سلێمانی، یادی بێریتان هێڤی بەرز ڕاگیرا

بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی گوڵناز کاراتاش، ناسراو بە بێریتان هێڤی مەراسیمێک ڕێکخرا.

سلێمانی


دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک مەراسیمێک بۆ بەبیرهێنانەوەی پێشەنگی ئازادیخواز گوڵناز کاراتاش لەلایەن ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاکەوە ڕێکخرا.


سەرەتای مەراسیمە بە دەقەیەک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد و لە لایەن بنەماڵەی شەهیدانەوە مۆم داگیرسێنرا.


هاژە محەمەد، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک بەیانامەیەکی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەکرد، قوڵناز کاراتاش ناسراو بە بێریتان وەکو ژنێکی ئازادیخواز لە ڕەگەزی خاکەوە تێکۆشانی گەیاندە چیاکانی کوردستان، بوو بە مەشخەڵێکی سەرکەوتن، لە کەسایەتی خۆیدا بوو بە پێشەنگی سوپای ئازادی ژنان و تەسلیم نەبوون بە خیانەتکاران، هەربۆیە بە چەکی شانی مێژووی دەسەڵات و خیانەتی شەرمەزار کرد، ئەو لە چالاکیە گیانبازیەکەیدا هەمیشە خۆی بە زیندووی هێشتەوە، بەو چالاکییە گیانبازییەی پەیامێکی وای دا کە دەبێت لە هەرکات و ساتێکدا بێت ژنان ڕووبەڕووی دوژمن بوەستنەوە، بۆیە ئێمەش وەکو ژنانی باشوری کوردسان دەبێت درێژە بە خەباتی ئەو بدەین.


لە درێژەی مەراسیمەکەدا نورتەن چەلەبی نوێنەری ژنانی باکووری کوردستان بەیاننامەیەکی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ئەو پلانگێڕیەی لە ساڵی ١٩٩٨ دژی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدرا بەرامبەر بە مێژووی هەموو گەلی کورد ئەنجامدرا، شەهیدکردنی بێریتان هیڤیش دەرخەری ئەو پلانگێڕیانەیە، بەڵام شەهید بێریتان لە ئیستادا بووە بە ئەستێرەیەکی پشنگدار بۆ گەل و خاکەکەی.


لە کۆتایی مەراسیمەکەدا سینەفزیۆنێک لەسەر ژیان و خەباتی گوڵناز کاراتاش خرایەڕوو کە تیایدا ڕێبەری گەلی کورد باسی خەباتەکەی دەکات و دەڵێت: بێریتان بۆ ئێمە وەسیەت و پەیامە، چەلاکیەکەی ئەو چالاکی عەشق و شکۆداریە و دەبێت ژیانی ئەو بکەینە هێڵی تێکۆشانەکانمان.

 

"بێریتان هێڤی بۆ ئازادی ژن و خاک تێکۆشانی دەکرد"
سارا ڕەزا، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، لە کەسایەتی شەهید بێریتاندا هەموو شەهیدان بە بیر دێنینەوە، شەهید بێریتان بۆ ئازادی ژن و خاکی کوردستان تێکۆشانی دەکرد، ئێمە ناتوانین بە ڕۆژێک تێکۆشانەکانی ئەو ژنە خەباتکارە باس بکەین، میراسێکی گەورەی بۆ ئێمەی ژنان بەجێهێشتوە، شەهیدبوونی ئەو بووە بە ڕێبازێک بۆ ئیمەی ژنان و دەبێت بەردەوامی پێ دەین.

 

گوڵناز کاراتاش ناوسراو بە بێریتان هێڤی لە ساڵی ١٩٩٠ هەست بە کوردبوونی خۆی دەکات و بۆ خەباتکردن دەچێتە چیاکانی کوردستان، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٢ لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و پەدەکەوە لە شەڕێکدا بۆ ئەوەی نەبێتە دیلی دەوڵەتی داگیرکەر لەسەر چیای لێلکانەوە خۆی فڕێ دەداتە خوارەوە و دەبێتە سیمبۆلی تیکۆشان و خەبات.