هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ و جێگرەکەی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە شەهیدکران

خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر ڕێگای گوندی بێیاندۆر کە ئۆتۆمبێلێکیان کردە ئامانج، ئەندامەکانیان یوسرا دەروێش، لێمان شوێش و فیرات تومۆ شەهیدبوون.

قامیشلۆ

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی لەسەر ڕێگای گوندی بێیاندۆر کردە ئامانج و لە ئەنجامدا کەسێک برینداربوو و سێ کەسیش گیانیان لەدەستدا، خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە ڕووداوەکە بڵایوکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەندامەکانیان یوسرا دەروێش هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، جێگرەکەی لێمان شوێش و هاوڵاتییەک بە ناوی فیرات تومۆ شەهیدبوون و هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا گۆبی شەمونیش بریندار بوو.

 

لە بەیاننامەکەدا سەرنج بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە ڕاکێشرا، "سیاسەتی بەئامانجگرتن کە لەلایەن داگیرکەری تورکیاوە ئەنجام دەدرێت، ئەوە دیار و ڕوونە کە خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکرێتە ئامانج، هەروەها فەرمانبەرانی دامەزراوە خۆبەڕێوەبەرییەکان دەکاتە ئامانج کە خزمەت بە پێکهاتە ناوچەییەکان دەکەن و ئاسایش و سەقامگیری مسۆگەر دەکەن، ئەم بەئامانجگرتنە لەکاتێکدا ڕوویدا کە دادگاییکردنی چەتەکانی داعش لە ڕۆژئاوا بوون، وەک ئیدارەی خۆسەر، ئامانجمان هەمیشە دروستکردنی چارەسەرە بۆ قەیرانی سوریا، بەڵام لەگەڵ ئەم هێرشانەدا ڕوونە کە لایەنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەن کە نایانەوێت ئەم قەیرانە چارەسەر بکرێت.

 

وەک ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆسەری هەرێمی جزیرێ پێش هەموو شتێک سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان و گەلەکەمان دەکەین، سەرەڕای هێرش و تیرۆری دەوڵەتی تورک و بەکرێگیراوانی، ڕێگای خۆمان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان تەواو دەکەین، هەروەها داوا لە هێزە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن و دژی تیرۆری دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بوەستنەوە، هیوای ئارامی بۆ شەهیدەکانمان و چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکانمان دەخوازین."