"دەبێت خەباتێکی یەکگرتوو لە دژی هێرشەکان لە سەرتاسەری کوردستاندا هەبێت"

لەیلا ئارزو ئیلهان، ئەندامی کۆمیتەی ناوچەی پەروەردەی کامپی پەنابەرانی مەخموور ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی چەتەکانییەوە هێرش دەکاتە سەر دەستکەوتەکانی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان، خۆبات و بەرخۆدان لە بەرامبەر هێرشەکان پێویستە.

نوپەلدا دەنیز

 

مەخموور- لە ٢٧ی تشرینی دووەم، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا هێرشیان کردە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و حەلەب، لە ئەنجامی ئەو لەشکرکێشی و هێرشە جینۆسایدەکاندا دەیان کەس کوژران و خەڵکێکی زۆر بە دیل گیران و هەزاران کەسیش ناچاربوون بەرەو ناوچە ئارامەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆچ بکەن.

 

ماوەیەک پێش ئێستا ناوەندی پەیوەندییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند زیاتر لە ١٢٠ ئۆتۆمبێل کە بۆ گواستنەوەی خەڵکی مەدەنی لە شەهبا گیریان خواردبوو لەلاین چەتەکانەوە ئاستەنگ کران و زیاتر لە ١٥ هەزار هاوڵاتی مەدەنییان ڕفاندووە، جگە لەم هێرشانە، ڕاگەیاندنەکانی پەدەکە بە هاوکاری راگەیاندنی دەوڵەتی تورکیا، پاساو بۆ هێرش و داگیرکاری و جینۆسایدی چەتەکان لە دژی خەڵکی ناوچەکە دەهێننەوە، ئەمەش جارێکی دیکە هاوکاری دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ پەدەکە ئاشکرا دەکات.

 

لەیلا ئارزو ئیلهان، ئەندامی کۆمیتەی پەروەردەی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور"، سەبارەت بە هێرش و پلانەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و حەلەب بۆ دەزگاکەمان قسەی کرد.

 

دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەژێر مەترسییەکی گەورەدایە

لەیلا ئارزو ئیلهان لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لە هێرش و سیاسەتەکانی داگیرکاری دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردو وتی: هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەتایبەت هێرشەکانی دژی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا ئیدانە دەکەم و سڵاو لە بەرخۆدانی گەل دەکەم، دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەژێر مەترسییەکی گەورەدان و ئەم مەترسییە لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، دەوڵەتی تورک بە چەتەکان هێرش دەکاتە سەر دەستکەوتەکانی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها هێرش دەکاتە سەر هێڵی ژنانی ئازاد کە لە گەشەکردندایە، هاوپەیمانی و هێرشێکی پیس بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەیە، بە هێرشی گرووپە چەتەکانی وەک جەبهەت نوسرە و سوپای نیشتیمانی سووریا، مرۆڤ دەتوانێت بزانێت کە دەوڵەتی تورکیا جارێکی دیکە بە سیاسەتەکانی کوشتنی گەلی کورد چەتەکانی خستۆتە کردارەوە، چونکە پلانی قڕکردنی گەلی کورد ساڵانێکە بەردەوامە.

 

"تاکە ئامانجیان لەناوبردنی دەستکەوتەکانی خەڵکی ڕۆژاڤای کوردستانە"

لەیلا ئارزو ئیلهان ڕایگەیاند، ئامانجی هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شکستپێهێنانی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوایەو وتی: دەوڵەتی تورکیا بە سیاسەتەکانی لە هێرشەکانیدا بۆ سەر ناوچەی پاراستنی مەدیا و باکووری کوردستان ئامانجی خۆی نەگەیشت، بە چەتەکانی هێرش دەکاتە سەر شۆڕشی ڕۆژئاوا، بە تایبەتی هێرشەکانی سەر حەلەب و تیل ڕەفعەت درێژەپێدەری هێرشە داگیرکارییەکانی سەر عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپییە، بێگومان نەک تەنها دەوڵەتی تورکیا لەم هێرشەدا بەشدارە، هێزە نێودەوڵەتییەکانیش بەشدارن، تاکە ئامانجی ئەم هێزانە شکستپێهێنانی دەستکەوتەکانی گەلە بە پیشەنگایەتی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سورویا، هەسەدە، یەپەگە و یەپەژە بەدەستهاتوون.

 

"ناوەکە دەگۆڕێت، بەڵام چەمک و ڕێبازەکەیان وەک یەکە"

 

لەیلا ئارزو ئیلهان ئاماژەی بەوەکرد، هێرشی چەتەکان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا درێژەپێدەری چەمکی چەتەکانی داعشە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کاتێک گەل سەیری ئەو وێنانە دەکەن کە لە بەرەکانی شەڕەوە دێن، دەبینن کە چەمکەکە هەمان چەمکی چەتەکانی داعشە، ئەمەش ناتوانردێت بشاردرێتەوە، جوڵانەوە بە ئاڵای داعش و نزیکبوونەوە لە دژی خەڵکی دیل گیراو نیشانەی ئەمەیە، بە ڕوونی بینیومانە کە ژنە دیلەکان کەوتوونەتە دەستی چەتەکان، بە وتنی 'لە بازاڕەکان دەتانفرۆشین' تووشی توندوتیژی و ئەشکەنجە دەبن، ئەمەش درێژەپێدەری ئایدۆلۆژیای چەتەکانی داعشە، ناوەکە دەگۆڕێت، بەڵام چەمک و ڕێبازەکەیان وەک یەکە، وەک چۆن چەتەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ هێرشیان کردە سەر ڕۆژئاوا، شەنگال و مەخموور و ژنانیان بە تایبەتی کردە ئامانج، ئەمڕۆش هەر بەو شێوەیەیە.

 

"هیچ جیاوازییەک لە نێوان چاپەمەنی پەدەکە و دەوڵەتی تورکیادا نییە"

لەیلا ئارزو ئیلهان، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە چاپەمەنی پەدەکە بە زمانی چاپەمەنی دەوڵەتی تورک بڵاو دەکاتەوە و وتی: چاپەمەنی پەدەکە کە لە هەموو کاتێکدا لاسایی چاپەمەنی دەوڵەتی تورک دەکات، دیمەنە بەئازارەکانی حەلەب و تیل ڕەفعەت وەک شتێکی ئاسایی نیشان دەدات و ڕەوایەتی پێدەدات، هیچ جیاوازییەک لە نێوان چاپەمەنی پەدەکە و دەوڵەتی تورکیادا نییە، ڕاگەیاندنی پەدەکە بە زمانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتانی داگیرکەر بڵاوی دەکاتەوە، ئەمە بە ئازارە و خەڵک دەبینن کە پلانێکی هەمەلایەنەی کۆمەڵکوژییە، ئامانج لە ناوبردنی هێزە ڕزگاریخوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و دروستکردنی تێڕوانینێکە کە پەدەکە خیانەتکارە.

 

"گەل هیوای خۆی لە خەباتی گەلی کورد و فەلسەفە و پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ دەبینێتەوە"

لەیلا ئارزو ئیلهان ئاماژەی بەوەکرد، ئامانج لە هێرشەکان بە ئامانجگرتنی هێڵی ئازادی و لەناوبردنی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیادکردنی بەرژەوەندی دەسەلاتدارانەو و وتی: گەلی ڕۆژئاوای کوردستان لە گەمەی دژی گەلی کورد و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاواو دەستکەوتەکانی ژنان تێگەیشتووەو خەڵکی دانیشتووی سووریا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هیوای ئازادی لە هێزەکانی پاراستنی گەل وەک (هەسەدە، یەپەگە و یەپەژە) دەبینن، گەل هیوای خۆی لە خەباتی گەلی کورد و فەلسەفە و پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ دەبینێتەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان خەباتێکی ڕەوایە، بۆیە ئامانج لە هێرشەکان بە ئامانجگرتنی هێڵی ئازادی و لەناوبردنی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیادکردنی بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانە، بەڵام هەموو میللەت دەزانێت گەلی کورد بە ئاسانی شکست ناهێنێت، چونکە خەبات و بەرخۆدانێکی گەورە هەیە و ئەم خەباتە هیوای سەرکەوتن و هێزی ڕزگاری بۆ هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

 

"دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەستکەوتەکانی مرۆڤایەتین"

لەیلا ئارزو ئیلهان، بەم قسانە داوای زیادکردنی خەبات و بەرخۆدان لە دژی هێرشەکان کردو وتی: دۆخی ئێستای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دۆخێکی زۆر مەترسیدارە، پێویستە گەلی کورد جارێکی دیکە خەبات بکاتەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی  شۆڕشی ڕۆژئاوا و لە بەرخۆداندا بن، ئەگەر بتوانین هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانمان بونیاد بنێین، بەم خەباتە و هێزەکانمان دەتوانین سەرکەوتن بەدەستبهێنین، چونکە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەستکەوتەکانی مرۆڤایەتین، لە ڕۆژئاوای کوردستان گەلی کورد و ژنانی کورد خەبات و بەرخۆدانی گەورە دەکەن، پێویستە گەلی کورد لە سەرتاسەری کوردستان پشتیوانی ئەو خەبات و بەرخۆدانە بکات، تەنیا بە خەبات و بەرخۆدان دەتوانین هێرش و پلانی جینۆساید دژی گەلی کورد و پێکهاتە ناوخۆییەکان تێکبشکێنین.