داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ منداڵانی سودان دەکرێت

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاندووە، ژیانی منداڵانی سودان لە ژێر مەترسیدایە، پێویستە ڕێوشوێنی بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی منداڵان لە برسێتی و نەخۆشی و گیان لەدەستدان.

ناوەندی هەواڵ

 

نەتەوە یەکگرتووەکان و سندوقی منداڵان "یونیسێف"، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی "DSO" و بەرنامەی خۆراکی جیهانی "WFP" سەبارەت بە قەیرانی بەردەوامی سودان بەیاننامەیەکی نووسراویان بڵاوکردەوە.

 

 لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، منداڵان و دایکان لە سودان بەهۆی شەڕەوە بە برسێتی گیان لەدەستدەدەن و ئەمەش وایکردووە دۆخەکەیان زۆر خراپ بێت، بەتایبەتی ژیانی منداڵەکان لە مەترسیدایە، پێویستە ڕێکاری بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی هەموو مرۆڤەکان لە برسێتی و نەخۆشی و گیان لەدەستدان.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەمە دەرئەنجامی زۆر خراپی لێدەکەوێتەوە، بەتایبەت بۆ منداڵانی بچووک، لە چەند مانگی داهاتوودا , ئەگەر وەرزی باران بارین دێت، دۆخی منداڵان و دایکان خراپتر دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆشەگیرکردنی کۆمەڵگە ناوخۆییەکان و زیادبوونی ژمارەی نەخۆشییەکان.

 

"دۆخی ئێستا زۆر خراپە"

کلیمەنتین نکوێتا سەلامی، جێگری نێردەی تایبەتی سودان و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخەری یارمەتییە مرۆییەکانی سودان، ڕایگەیاند، گیان لەدەستدانی خەڵک و پێشێلکردنی مافەکانیان لە ویلایەتی باکووری سودان لە شاری فاشر لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە.

 

لە بەیاننامەکەیدا ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو خێزانانەی کە ژن و منداڵیان هەیە دەیانەوێت شار بەجێبهێڵن بۆ خۆپاراستن، بەڵام ڕێگرییان لێدەکرێت و ئەو ڕاپۆرتانەی دەریدەخەن لایەنە شەڕکەرەکان دامەزراوە تەندروستییەکان و کامپەکانی ئاوارەکان و ژێرخانی مەدەنی دەکەنە ئامانج، لە زۆرێک لە گەڕەکەکانی شاری فاشر خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا نەماوە و خەڵک کەمتر توانای دەستگەیشتن بە خۆراک و تەندروستی هەیە.