داوای دادپەروەری بۆ ژنان لە کەناراوەکانی سووریا کرا
ژنان لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داوای لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانەکانی دژی ژنان لە سووریا دەکەن و داوایان لە ڕێکخراوە یاساییەکان کرد بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی ژنان لە کەناراوەکانی سووریا.

شرین محمد
قامیشلۆ- ژنانی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئیدانەی ئەو دەستدرێژی و پێشێلکارییە یاساییانەیان کرد کە لە کەناراوەکانی سووریا و بەگشتی لە سەرانسەری وڵات بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێن و جەختیان لەوە کردەوە کە یەکگرتوویی ئەوان تاکە هێزێکە کە بتوانێت بەرامبەر ئەو کارانە بوەستێتەوە.
دوای داڕمانی ڕژێمی ستەمکاری بەعس و دەرکەوتنی گرووپی جیهادی تەحریر شام وەک دەسەڵاتی نوێ لە سووریا، نیگەرانییەکان لە ژیانی مەدەنییەکان زیاتر بوون. کوشتن و تاڵانکردن ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە و ئەم تاوانانە لە ژێر پەردەی "کەیسی تاکەکەسی"دا ڕەوا دەبینرێن. بەڵام پێدەچێت لە ٦ی ئادارەوە دۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەم گرووپە دەرچووبێت، چونکە گرووپی جیهادی تەحریر شام بە دەیان کوشتنی دژ بە پێکهاتەی عەلەوییەکان لە کەناراوەکانی سووریا ئەنجامداوە، بە بیانووی بەدواداچوون بۆ "پاشماوەکانی ڕژێم". جگە لەوەش ڕفاندن و هەڕەشەیان لە خەڵکی سڤیل بەتایبەت ژنان ئەنجامداوە.
بەمەبەستی جەختکردنەوە لەسەر یەکگرتوویی نەتەوەی سووریا و پرسی ژنان، پلاتفۆرمی چالاکییە هاوبەشەکانی ژنان لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکردنی هەڵمەتێکی ڕاگەیاند کە زنجیرەیەک چالاکیی هەمەچەشنی لەخۆدەگرێت بۆ شەرمەزارکردنی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان.
پێشێلکردنی مافەکانی عەلەوییەکان، سووریا بەرەو هەڵوەشاندنەوە پاڵدەنێت
سەبارەت بە ئامانجی ئەم هەڵمەتە، تێکۆشین محەمەد، ئەندامی ڕێکخراوی سارا دەڵێت: ئێمە ئەم هەڵمەتەمان بۆ ئیدانەکردنی کوشتن و پێشێلکردنی مافی ژنانی عەلەوی لە کەناراوەکانی سووریا دەستپێکرد. جەخت لەوە دەکاتەوە کە "هەموو ئەم هێرشانە بۆ سەر خەڵکی مەدەنی ڕەنگدانەوەی عەقڵیەتی پیاوسالاری و پاوانخوازانە و سیستەمێکی توندڕەوە کە تەحەمول بە فرەچەشنی ناکات".
تێکۆشین محەمەد، کە دوای هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین بە زۆرەملێ لەو شارە ئاوارە بوو، دەڵێ: "هەمان ئەو پێشێلکارییەی مافەکان بەرامبەر ژنان لە هەموو ناوچەکان ڕوودەدات، ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر ژنانی کەناراوەکانی سووریادا دەگوزەرێت، پێشتریش بەسەر ژنانی عەفرینیشدا سەپێنرا، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێویستە ژنان لە دژی ئەو پێشێلکارییانە یەکبگرن و ڕەتیان بکەنەوە، چونکە پرسەکەمان لە هەر کوێیەک بین ،هەر یەکە ".
لە کۆتاییدا داوای لە دامودەزگا بەرپرسەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە ئەرکە مرۆییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن و هەنگاو بنێن بۆ ڕاگرتنی ئەو تاوان و پێشێلکاریانەی مافی خەڵکی مەدەنی بەتایبەتی ژنان.
خۆبەڕێوەبەری مۆدێلێکە بۆ بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراتیک
یاسمین جابر ڕەسم، لە کۆمەڵگەی عەلەوییەکان، ئیدانەی ئەوەی توندوتیژییانەی کرد کە لە کەناراوەکانی سووریا بەسەر ژناندا دێت و وتی: بەناوی خۆمان و بەناوی کۆمەڵگەی عەلەوییەکانی دانیشتووی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئیدانەی ئەو پێشێلکارییانە دەکەین کە بەرامبەر بە ژنان لە کەناراوەکانی سووریا دەکرێت.
ناوبراو ئاماژە بە ئەزموونی پێکەوەژیانی هاوبەش لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات و دەڵێت: "هەموو گەلانی ئەم ناوچەیە لە یەک دڵدا پێکەوە دەژین و هیچ جیاکاری و جیابوونەوەیەک لە نێوانیاندا نییە".
یاسمین جابر ڕەسم جەخت لەوە دەکاتەوە: "هەرگیز ئەم پێشێلکردنی مافە بەرامبەر کۆمەڵگەی عەلەوییەکان قبوڵ ناکەین". ئێمە نەتەوەیەکی ئاشتیخوازین و لەگەڵ پەراوێزخستن یان نەهێشتنی هیچ نەتەوەیەک یان سەرکوتکردنی هیچ گروپێکدا نین. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە "دوای ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی ئینتقالی، هیوامان خواست قۆناغی داهاتوو باشتر بێت بۆ هەموو سورییەکان، بەڵام بەپێچەوانەوە گروپی جیهادی تەحریر شام لەژێر خۆنمایشکردنی درۆدا کۆمەڵکوژییان لە دژی گەلەکەمان لە کۆمەڵگەی عەلەوییەکان ئەنجامداوە".
ناوبراو ئەم تاوانانەی وەک پلانی داڕێژراو وەسف کرد و وتی: ئەم کارانە هەوڵێکە بۆ بنبڕکردنی کۆمەڵگەی عەلەوییەکان. پەراوێزخستنی هەموو کۆمەڵگەیەک لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی نەمانی تەواوی نەتەوە و گروپەکانی سووریا. بوونی هەموو گروپە جیاوازەکان پێکەوە یارمەتیدەرە بۆ دیموکراسیکردنی سووریا و بەرقەرارکردنی ئاشتی.
هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە "ژن و منداڵان لە کەناراوەکانی سووریا لەژێر پەردەی 'پاشماوەی ڕژێم'دا دەکوژرێن". لە کۆتاییدا داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە مرۆییەکان کرد دەستوەردان بکەن بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی کەنارەکانی سووریا کە ڕووبەڕووی کوشتن و ئاوارەبوون بوونەتەوە و بێدەنگی خۆیان لە بەرامبەر ئەو تاوانانە بشکێنن، چونکە جیهان بە باشی ئاگادارە کە خەڵکی مەدەنی کۆمەڵکوژ دەکرێن.