داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان و هەڵوەشاندنەوەی یاسای باڵاپۆشی دەکرێت
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: داوا لە ئێران دەکەین سزای لەسێدارەدان ڕابگرێت و یاسای جیاکاری دژی ژنان هەڵبوەشێنێتەوە.

ناوەندی هەواڵ
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ڕایگەیاند، داوا لە ئێران دەکەین دەستبەجێ سزای لەسێدارەدان ڕابگرێت و زیندانیانی سیاسی و ئەو کەسانەی بە هەڕەمەکی دەستگیر کراون ئازاد بکات و کۆتایی بە ئەشکەنجەدان بهێنێت، هەروەها داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای جیاکاری دژی ژنان و لابردنی باڵاپۆشی زۆرەملێ دەکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستگیرکردن و جیاکاری دژی بەهاییەکان، کوردەکان، بەلووچ و عەرەبەکان لە دوای شەڕی ١٢رۆژی نێوان ئێران و ئیسرائیل چڕتر بووەتەوە، ئەشکەنجەدانی زیندانیان و بە تایبەت زیندانیانی سیاسیی جێی نیگەرانیە، دەرچوونی سزای بڕینەوەی ئەندامانی جەستە و لێدانی قامچی پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەشکرد، ڕێنماییەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی دادوەری ئێران بۆ خێراکردنی مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکانی سیخوڕی، دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، دادگایی نادادپەروەرانە و لەسێدارەدانی زیاد کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا، پرۆژە یاسای توندکردنی سزاکان بە تۆمەتی”سیخوڕیکردن” هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئازادی ڕادەربڕین و دەستگەیشتن بە ئینتەرنێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بە پێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە ساڵی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە هەزار و ٥٣٧ کەس لەسێدارە دراون، هەروەها بە پێی ڕاگەیاندراوی هەڵمەتی”سیشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا هەزار و ٨٧ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون.