داوا دەكرێت زەینەب جەلالیان بەبێ مەرج بۆ نەخۆشخانە بگواسترێتەوە
ڕێکخراوەکان و چالاكوانانی مافی مرۆڤ نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن سەبارەت بە دۆخی تەندرووستی زەینەب جەلالیان و داوا دەکەن دەستبەجێی و بەبێ مەرج بۆ نەخۆشخانە بگواسترێتەوە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی.

ناوەندی هەواڵ
٢٢ ڕێکخراو و ١٣ چالاكوانی مافی مرۆڤ لە ناوخۆی ئێران و لە جیهاندا سەبارەت بە بارودۆخی تەندرووستی زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد و سزادراو بە زیندانی هەتاهەتایی ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، سەرەڕای نیشانەکانی نەخۆشی مەترسیداری ژیانی زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد، بەرپرسانی ئێران وەك پێویست چاودێری تەندرووستیان نەکردووە و تەنانەت وەرگرتنی چارەسەری تەندرووستیان بە واژۆکردنی بەڵێنامە مەرجدار کردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو جۆرە مامەڵەکردنە لەگەڵ زیندانیانیی سیاسیی بەشێکە لە شێوازێکی بەرفراوانی مامەڵەکردن بە بێدەنگی بە مەبەستی دەربڕینی پەشیمانی لە لایەن زیندانییەکە، بەڵام زەینەب جەلالیان لە بەرهەڵستی ئەم تاکتیکە بەردەوامە.
باس لەوەشکراوە، زەینەب جەلالیان تووشی نەخۆشی گورچیلە، هەرس، لەرزین و لاوازی بینایی چاوەکانی و هەوکردنی ددانەکانی بووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، پزیشکەکەی لەبارەی ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی منداڵدان هۆشداری داوە و پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، بۆیە پشکنین، دەستنیشانکردن و چارەسەری دەستبەجێ گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە بوونی مەترسی لەسەر ژیانی.
دیارترینیان لە واژۆکەرانی ڕاگەیاندراوەکە بریتین لە دامەزراوەی عەبدولڕەحمان بورۆمەند، ڕیکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز، کامپەینی چالاکوانانی بەلووچ، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، سەنتەری دۆکیۆمێنتکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ڕێکخراوی جیهانی دژ بە ئەشکەنجە، هەروەها چالاکوانەکانی مافی مرۆڤ بریتین لە مەحموود ئەمیری موقەدەم، نازەنین بونیادی، لادەن برۆمەندی، ڕۆیا برۆمەندی، شیرین عەبادی، کارین کارلاکەر، ڕیچارد ڕاتکلیف، نازەنین زاغاری ڕاتکلیف.
هاوکات، زەینەب جەلالیان ١٨ هەمین ساڵی زیندانییکردنی لە زیندانی یەزد بەبێ ڕەچاوکردنی پرەنسیپی جیاکردنەوەی تاوانەکان بەسەر دەبات، پەیامێکی دەنگی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەمنزیكانە ١٨ هەمین ساڵی زیندانییکردنم کۆتایی دێت بەڵام هەرگیز لە ڕێگەکەم پەشیمان نیم. گرنگ نییە لە کوێ شەڕ دەکەیت گرنگ ئەوەیە لەسەر کام رێگا دەوەستیت.
هاوكات، زەینەب جەلالیان لەدایکبووی ١٩٨٢ ـە و خەڵکی گوندی دێم قشڵاقی شارۆچکەی ماکۆی سەر بە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە ١٠ـی ئاداری ٢٠٠٧ لە دەروازەی شاری کامیاران دەستگیر کرا، لە ٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٠٨ لەلایەن لقی ١ـی دادگای شۆڕشی کرماشان بە سەرۆکایەتی دادوەرعەلی مورادی بە تۆمەتی “چەکداری و هاوکاری و ئەندامێتی لە پژاک و پرۆپاگەندە دژ بە دەوڵەت” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، لە ساڵی ٢٠٠٩ دادگای تێهەڵچوونەوە لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرۆکایەتی محەمەد عەلی ڕۆشنی سزای لەسێدارەدانەکەی پەسەند کرد.
لە ساڵی ٢٠١١ پاش هەڵوێستی بەرفراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و بەیاننامە یەک لەدوای یەکەکانی ڕێکخراوی جیهانیی چاودێری مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەڵەوتی، سزاکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی زیندانی یەزد کرا.