داوا دەکرێت سەربازگەی تۆپزاوا بکرێت بە مۆنۆمێنت
لە نووسراوێکی فەرمییدا، كە بڵاوکراوەتەوە، شەش ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک داواکارییەکیان ئاڕاستەى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاکە کردووە، بۆ ئەوەی سەربازگەى تۆپزاوا بکرێت بە مۆنۆمێنت.

ناوەندی هەواڵ
٦ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لەیادی ٣٧ساڵەی ئەنفالدا نوسراوێکی فەرمییان سەبارەت بە سەربازگەی تۆپزاوا ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکە کرد بۆ ئەوەی سەربازگەى تۆپزاوا بکرێت بە مۆنۆمێنت.
ئاماژە بەوەشدراوە، ٦ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە یادی ٣٧ساڵەی کارەساتی ئەنفالدا، لە ڕێگەى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانى هەرێمى کوردستان و دامەزراوەى شەهیدانى حکومەتى فیدراڵییەوە، داوایانکردووە سەربازگەى تۆپزاوا بکرێتە مۆنۆمێنتێک بۆ بیرهێنانەوەى ئەو کارەسات و تاوانەی بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجامدراوە.
جێگای ئاماژەیە، لە ساڵی ١٩٨٨دا ئەو هاوڵاتیانەی بەر شاڵاوی ئەنفال دەکەوتن، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەگوازرانەوە بۆ سەربازگەی تۆپزاوا و پاشان بۆ زیندانی نوگرەسەلمان و دواتر لە بیابانەکانی سەماوە و عەرعەردا زیندەبەچاڵ دەکران.