دانیشتووانی شنگال یادی چوارشەممەی سوور دەکەنەوە
هەزاران کەس لە دۆڵی قەرس لە شنگال کۆبوونەوە بۆ ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی چوارشەممەی سوور کە یەکێکە لە جەژنە ئایینییە گرنگەکان بۆ ئێزدییەکان. ئاهەنگەکە نمایشی هونەرمەندان و گروپە فۆلکلۆرییەکان و پێشانگای کولتووری و هونەری لەخۆگرتبوو.
شنگال
ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەر لە شنگال بە هاوکاری ناوەندی ”ستیا نەخشە” لە دۆڵی قەرسی شنگال ئاهەنگێکی گشتی بۆ ڕۆژی چوارشەممەی سوور ڕێکخست. لە چالاکییەکەدا نمایشی گروپە جیاوازەکان پێشکەشکرا، لەوانە "Kolektîfa Saza Êzî" گروپی بێریڤان، گروپی منداڵانی هێڤی، هەروەها ئەکادیمیای ژنۆلۆژی کە بەرهەمی هونەری جیاوازیان پێشکەش کرد.
ئاهەنگەکە ١٥ی نیسان بەڕێوەچوو، نەک تەنها نمایشی مۆسیقا بەڵکو پەرتووک و پێشانگای ڕۆشنبیری و هونەری لەخۆگرتبوو، لەگەڵ وتار و پەیامی ڕەنگدانەوەی گرنگی جەژن و پێشکەشکردنی پیرۆزبایی لە گەلی ئێزدی.
ئاهەنگەکە بە خولەکێک بێدەنگی لە ماتەمینی بۆ شەهیدان و قوربانیانی شنگال دەستی پێکرد کە بە درێژایی مێژووی شنگال بە فەرمانەکان و کۆمەڵکوژییەکان، بەتایبەتی هێرشی تیرۆریستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا لەناوچوون، ڕێبەری ڕۆحی کۆمەڵگەی ئێزدی وتارێکی پێشکەش کرد و پیرۆزبایی لە ئێزدیان لە سەرانسەری جیهان کرد بەم بۆنەیەوە و هیوای خواست کە ڕۆژی چوارشەممەی سووری پڕ لە خۆشگوزەرانی و خۆشی بێت.
سۆزدار ئاڤێستا، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی ”کەجەکە” وتارێکی پێشکەش کرد و پیرۆزبایی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و سەرجەم ئێزدییەکان کرد، هەروەها جەختی لە ڕۆڵی ئۆجالان و شەهیدان لە ڕزگارکردنی شنگال و گرنگی یەکڕیزی نێوان ئێزدییەکان کردەوە و داوای لە ئەنجومەنی دامودەزگا ئاینییەکان کرد بە ڕۆح و باوەڕێکی هاوبەشەوە کاربکەن، ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانە بکەن کە کۆمەڵگەی ئێزدییەکان تووشی بوون.
بەهەمان شێوە هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک لە شنگالیش قسەی کرد و بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە ئێزدییەکان کرد، پابەندبوونیان بە ئەنجامدانی هەموو کارێکی پێویست بۆ شنگال دووپاتکردەوە.
"یەکگرتوویی مایەی شانازییە بۆ ئێمە"
غوربەت ئیشلک، جێگری سەرۆکی شارەوانی مەخموور بەناوی کامپی ڕۆستەم جودی پەیامێکی پیرۆزبایی پێشکەش کرد و وتی: بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە هەموو ئێزدییەکان دەکەم، ئێمە لە مەخموور هەست بە ئازار و مەینەتی کۆمەڵگەی ئێزدیمان دەکەین، هیوادارین جەژنەکانمان لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان بگێڕین. کۆبوونەوەمان لەم جۆرە ڕۆژانەدا جێگای شانازییە، بۆ ئێمە و بەرخۆدانی گەلی ئێزدیمان لە بناری چیای شنگال ترس لە دڵی دوژمنەکانماندا دەچێنێت.
لە میانەی ئاهەنگەکەدا پەیامی پیرۆزبایی لە سلێمانی و بەغداوە خوێندرایەوە، بەتایبەتی کە "چوارشەممەی سوور" پشوویەکی دانپێدانراوە لە دەستووری عێراقدا.
هەروەها پەیامێک لە ئەنجومەنی گەلی چیای قەندیلەوە خوێندرایەوە و تیایدا دووپاتکرایەوە، کە ئێزدییەکان گەلێکی ڕەسەن و خۆڕاگرن، تێیدا هاتووە کە چوارشەممەی سوور تەنها جەژنێکی ئایینی نییە، سیمبولی ڕەگ و ڕەسەنایەتی مێژووییە، هەروەها بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و کولتوورییە لە نێوان کارەسات و سەختییەکاندا، ئەم جەژنە کە بەرجەستەبوونی گەشەسەندنی سروشت و زیندوویی خاکە، هەڵگری پەیامی بەرەنگاربوونەوە و خەبات دژی نادادپەروەری و فەرمانە سەپێنراوەکانە بەسەر گەلی ئێزدییەکان، لە چیای قەندیلەوە کە دەروازەی بەرخۆدان و برایەتی و خوشکایەتییە، دووپاتی دەکەینەوە، کە ئازار و خۆشییەکانی گەلی ئێزدی بە ئازار و خۆشییەکانی خۆمان دەزانین.