دانیشتووانی قامیشلۆ دژی هێرشەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕن

دانیشتووانی قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ناڕەزایەتی دەربڕین هێرشە جیهادییەکانی هەتەشە بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەیان شەرمەزار کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە نیشان دا.

قامیشلۆ

 

ڕۆژی ٢٢ کانوونی یەکەم ، جیهادییەکانی هەتەشە بە تۆپ و چەکی قورس هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا، دانیشتوانی قامیشلۆ و کۆچبەرانی عەفرین و شەهبا بۆ پشتیوانی لە خەڵکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە ناڕەزایەتیان دەربڕی.

 

ناڕەزایەتیەکە بە ئامادەبوونی دەیان کەس لە دانیشتوانی قامیشلۆ و ئاوارەکانی عەفرین و شەهبا، لە بەردەم ناوەندی محەمەد شێخۆ بۆ کولتووری و هونەر بەڕێوەچوو، ئەو ژنانەی بەشداربوون لە ناڕەزایەتیەکەدا هەڵوێستی خۆیان دەربڕی.

 

'‘ئێمە پشتگیری خەڵکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەکەین’'

شیرین حەسەن هێرشەکانی سەر دوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەبی شەرمەزارکرد و وتی: وەک کۆچبەرانی عەفرینی دانیشتوی قامیشلۆ، شەرمەزاری ئەو هێرشانە دەکەین بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، گەلەکەمان خەڵکی عەفرین کە لەو گەڕەکانەدا دەژین تەنها داوای گەڕانەوەی بۆ عەفرین دەکەن، بەڵام هەتەشە ڕێگکەوتنەکەی ١٠ی ئادار جێبەجێ ناکات کە بۆی کراوە بۆ گەڕانەوەی هەموو پەنابەران.

 

دەبینین کە هەتەشە لە سەرانسەری سووریا بەردەوامە لە شەڕ، ئەو شەڕانە ڕاناگرێت و هەمیشە هێرش بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکان لە حەلەب ئەنجام دەدات، هەروەها لێرەدا هەڵوێستی خۆمان دەخەینەڕوو، بەتوندی شەرمەزاری ئەو هێرشانە دەکەین و هەمیشە بەرەنگاری دەبینەوە و سڵاو لە بەرخۆدانی خەڵکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەکەین، تا کۆتایی پشتگیریان دەکەین.

 

''سیاسەتی هەتەشە سیاسەتی داعش خۆیەتی''

ئیلهام محەمەد ئاماژەی بەوەدا، کە ئامانجی هەتەشە لەناوبردنی سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیکیە و وتی: ئەو هێرشانەی کە لە حەلەب ڕوودەدەن یەکەمجار نییە، هێرشیان کردە سەر عەفرین، پاشان شەهبا و ئێستا جارێکی دیکە هەردوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەب، شێخ مەقسود و ئەشرەفیە دەکەنە ئامانج، هەتەشە پێشتر هێرشی لەو شێوەیەی بۆسەر هەردوو گەڕەکەکە ئەنجامداوە، سیاسەتی هەتەشە سیاسەتی داعش خۆیەتی، بینیمان کۆمەڵکوژی و هێرشی بۆ سەر زۆرێک لە شارەکان ئەنجامداوە و ئێستاش بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکان، ئامانجیان لەناوبردنی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکیە کە خەڵک خۆی حوکمڕانی دەکات، دەبینین سیستەمی هەتەشە سیستەمێکی ناوەندی کە هەموو کەسێک لەناو خۆیدا قبوڵ ناکات و هیچ گۆڕانکارییەکی لە سووریادا نەهێناوەتە ئاراوە، لەبەرئەوەی خەڵکی حەلەب داوای گەڕانەوەی پارێزراو دەکەن، بۆ ئەوەی کۆچبەرەکان بگەڕێنەوە شارەکانیان، ئەم هێرشانە بۆ سەریان ئەنجام دەدەن، ئێمە پشتیوانی خەڵکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەکەین و سڵاو لە بەرخۆدان و خەباتیان دەکەین، بەرەنگاری دەبینەوە تاوەکو مەرجەکان بۆ گەڕانەوەی پارێزراوی دروست دەبن.

 

ناڕەزایەتیەکە بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە" کۆتایی هات.