دانیشتنی پاڵپشتی دەروونی لە شەهبا... ژنان ئازار دەگۆڕن بۆ هێزی هاوبەش

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە ڕووبەڕوبوونەوەی ئاڵانگاریەکاندا، ژنانی شارۆچکە جیاوازەکانی شاری سوەیدا بۆ دانیشتنێکی گفتوگۆ کۆبوونەوە، بۆ جەختکردنەوە لەسەر توانای ژنان لە بەرخۆدان و ئاوەدانکردنەوەی ژیانی خۆیان.

ڕۆشێل جونیور

 

سوەیدا-ڕۆژی ١٧ی ئاب، کۆمەڵەی هۆشیاری و بەهێزکردنی ژنان بە هاوکاری ئەنجومەنی ژنانی سووریا، سەردانی پەناگەی شاری شەهبایان کرد و لەوێ لەگەڵ کۆمەڵێک ژنی هاوڵاتیانی گوند و شارۆچکە جۆراوجۆرەکانی شاری سوەیدا کۆبوونەوە، دانیشتنەکە هەستی ئازاری قوڵی لەگەڵ هیوایەکی نوێدا تێکەڵ کرد.

 

دانیشتنەکە بە پلەی یەکەم مەبەستی پاڵپشتیی دەرونی و کۆمەڵایەتی بوو بۆ ئەو ژنانەی کە توشی ئاوارەبوون و توندوتیژی بوون، هاوکات دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت کە ڕێگەیان پێبدات بە ئازادی هەست و ئەزمونە کەسییەکانیان دەرببڕن، هاوکات یارمەتیدانیان بۆ وەرگرتنەوەی هەندێک هێز و دڵنیایی لەنێو ئەم هەلومەرجە سەختانەدا.

 

دانیشتنەکە تەنها لە پشتیوانی سۆزداریدا سنووردار نەبوو، گۆڕدرا بۆ سەکۆیەک کە ژنان سەرچاوەی ڕاستەقینەی هێزن لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا، نەک تەنها وەرگری ئازارەکانن، بەڵکو هاوبەشی بنەڕەتیشن لە بونیادنانی خۆڕاگریدا، بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە، کە خۆڕاگری ژنان مسۆگەری مانەوەی خێزانە، هەروەها تا ژنان باش بن، هەموو خێزانەکە باشدەبن.

 

هەروەها لە گفتوگۆکەدا تیشک خرایەسەر پرسە هەستیارەکانی وەک توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی، و ئازارەکانی بەشێک لە ژنان کە توشی ئەم ئەزمونە ئازاربەخشانە بوون، بەڕێوەبەران جەختیان لەوە کردەوە، کە پسپۆڕانی دەرونی بە نهێنی تەواوەوە بەدواداچوون بۆ ئەم حاڵەتانە دەکەن، بۆ پاراستنی شکۆی ژنان و هەستەکانیان.

 

لە ناو ئەو ئامانجانەی کە بەشداربووان جەختیان لەسەر کردەوە، پێویستی فێربوونی ژنان بوو کە چۆن بەرگری لە خۆیان بکەن، ئەوان بە کۆی دەنگ کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە ئەزمونی ئەم دواییەی سوەیدا وانەیەکی توندی فێرکردون: چەک و زانینی چۆنیەتی بەکارهێنانی دەتوانێت یەکەم هێڵی بەرگری بێت بۆ پاراستنی ماڵ و منداڵان، هەندێک لە ژنان ئەزمونی ژنانی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایان وەبیرهێنایەوە کە چەکیان هەڵگرت بۆ بەرگریکردن لە خاک و شکۆی خۆیان، ئەمەشیان وەک مۆدێلێکی ئیلهامبەخش دەبینی کە سوودی لێ وەربگرن.

 

"ژن توانای سەرهەڵدانەوەیان هەیە"

غەسینە سەڵاح، بەشداربووی کۆمەڵەی هۆشیاری و بەهێزکردنی ژنان، وتی: لەم دانیشتنەدا توانیمان گوێ لە چیرۆکە بە ئازارەکانی ئەو ژنان و ژنە گەنجانە بگرین کە بە زۆر لە ماڵەکانیان ئاوارە بوون، ئەو ئازار و لەدەستدانانەی کە توشی بوون، بەڵام شتە سەرنجڕاکێشەکە ڕەوشتی بەرزیان بوو، هەستمان بە هێز و خۆڕاگریان کرد، چۆن بەسەر هەموو شتێکدا زاڵبوون کە بەسەریاندا هاتوە، ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ژنان توانای سەرهەڵدانەوەیان هەیە و دوای قەیرانەکان دەتوانن ژیانی خۆیان وەربگرنەوە.

 

"ئێمە پشتگیری دەروونی پێشکەش بە ژنان دەکەین"

بەسینە شەلغین، سەرپەرشتیاری ناوەندی میوانداری "کەمال مەسعود" و ناوەندەکانی تری تایبەت بە ژنان و ئاوارەکان ئاماژەی بەوەدا، کە ڕۆڵی سەرەکی ئەو ناوەندانە پێشکەشکردنی پاڵپشتی دەرونیە بۆ ژنان لەو کاتە سەختانەی کە تێیداین، بوونی گروپەکە شانبەشانی ژنان ئامانجی بەرزکردنەوەی هەستی ئاسایش و پشتیوانیە، لەسەر ئەو بنەمایەی کە ژنان بەردی بناغەی خێزانن و سەقامگیریان کاریگەری ئەرێنی لەسەر هەمووان هەیە، هەروەها پشتیوانی دەرونی گرنگە بۆ ئەوەی ژنان بتوانن ئەو لێهاتویانەی کە پێویستن بۆ پاراستنی خۆیان و ڕوبەڕوبوونەوەی هەر مەترسیەکی ئەگەری لە داهاتودا بەدەستبهێنن، بەتایبەتی ئەگەر بارودۆخێکی سەختی لەو شێوەیە دوبارە بێتەوە.

 

"نابێت هیچ خولێکی تایبەت بە پەروەردەی ژنان هەبێت"

هالا زیاب، یەکێکە لە بەشداربووان، ئەزمونی تایبەتی خۆی لەگەڵ ئاوارەبووندا باسکرد و ڕایگەیاند، لە درەنگانی شەودا لە نێوان ترسێکی زۆردا ناچار بووە ماڵەکەی بەجێبهێڵێت، کە ئەمەش یەکێک بووە لە ترسناکترین ساتەکانی ژیانی، بە تێپەڕبوونی کات توانی هێزی خۆی وەربگرێتەوە و لە ڕوی دەرونیەوە پشتگیری منداڵەکانی بکاتەوە، جەختی لەوە کردەوە کە ترس نابێت کۆنترۆڵی ژنان بکات بەڵکو دەبێت بگۆڕدرێت بۆ پاڵنەرێک بۆ خۆڕاگری.

 

ڕونیکردەوە، کە ئەو ئەزمونەی کە پێیدا تێپەڕین گرنگیی ئەوەی بۆ ژنانی شارەکە ئاشکرا کرد کە خاوەنی لێهاتویی بەرگریکردن بن، ئەو فێربوونی بەکارهێنانی چەکێکی بە شەرمەزاری نەزانی، بەڵکو بە پێویستییەک بۆ پاراستنی خۆی و خێزانەکەی لەم بارودۆخە ئاسایشیە سەختەدا زانی، داوای کرد خولی پەروەردەی تایبەت بۆ ژنان لەم بوارەدا ڕێکبخرێت و ڕایگەیاند، پشتبەستن بەخۆبوون و ئیرادە دوو ئامرازی سەرەکی پاراستنن، کۆبوونەوەکە لەوە زیاتر بوو کە تەنها شوێنی دەربڕینی هەستەکان بوو بێت.

 

لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، بەشداربووان کۆک بوون کە کۆبوونەوەکە لەوە تێپەڕیوە کە تەنها شوێنی دەربڕینی هەستەکان بێت، بووەتە سەکۆیەکی ڕاستەقینە بۆ هاوبەشکردنی بارگرانی و نیگەرانیەکان، زۆرێک لە ژنان هەستی خۆیان دەربڕی کە ئازارەکانیان چیتر هی خۆیان نییە، بەڵکو لەگەڵ کەسانی دیکەدا هاوبەشن، ئەمەش بەشداربووە لە کەمکردنەوەی ئازارەکە و بەرزکردنەوەی ڕۆحیان بە شێوەیەکی بەرجەستە، جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم هاودەنگیەی ژنان وایکردوە کە ئازارەکە کەمتر ئازاربەخش بێت و هێزیان زیاتر دەرکەوتوە، ئەو دڵنیایەی بۆ ژنان گەڕاندەوە کە توانای هەڵسانەوەیان هەیە هەرچەندە بارودۆخەکە سەخت بێت، ترس گۆڕدرا بۆ ئیرادە، ئازار بۆ وانە و نیگەرانیەکان بۆ هێزی هاوبەش، بەم شێوەیە ژنان بە ئیرادەترەوە دانیشتنەکەیان بەجێهێشت بۆ پاراستنی خۆیان و خێزانەکانیان،و بۆ بونیادنانی داهاتویەکی پڕ هیوا و دڵنیاتر پێکەوە.