دانیمارک لەم مانگەوە ژنان ناچار دەکات خزمەتی سەربازی بکەن

دەسەڵاتدارانی دانیمارک جێبەجێکردنی یاسایەکی نوێیان ڕاگەیاند کە پێویستە ژنانی تەمەن ١٨ ساڵ لەگەڵ پیاوان بەشداری خزمەتی سەربازی بکەن، ئەم یاسایە لەسەر بنەمای ئەو یاسایانە دامەزراوە کە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لەلایەن پەرلەمانەوە دەرچووە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٣ پەرلەمانی دانیمارک یاسایەکی دەرکرد کە پێویستە ژنان بەشداری لە خزمەتی سەربازیدا بکەن، ئەم یاسایە نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی گەورە دەکات لە سیاسەتی بەرگری دانیمارک، بەرەو بەشداریکردنی زیاتری ژنان لە بەرگری نیشتمانیدا.

 

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، دەسەڵاتدارانی دانیمارک ڕایانگەیاند کە لە یەکی تەمموزەوە خزمەتی سەربازی فراوانتر دەکەن بۆ ئەوەی ژنانیش بگرێتەوە، ئەم گۆڕانکارییە لەسەر بنەمای یاسایەکە کە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣ پەرلەمانی دانیمارک دەرچووە و ئامانجی زیادکردنی توانای بەرگری و ڕاکێشانی هێزی مرۆیی زیاترە لە ماوەی گرژییە ئاسایشییەکان لە ئەوروپا.

 

پێشتر لە دانیمارک تەنها پیاوان کەوتبوونە خزمەتی سەربازییەوە، بەڵام یاسا نوێیەکە داوا دەکات هەموو ژنانی تەمەن ١٨ ساڵ و سەرووتر خۆیان تۆمار بکەن بۆ ڕۆژانی هەڵسەنگاندن، هەروەک پیاوان، سەرەتا خۆبەخشەکان بۆ خزمەتکردنی سەربازی تۆمار دەکرێن، باقی هێزەکەش لە کاتی پێویستدا بە تیروپشک هەڵدەبژێردرێت.

 

دوابەدوای دووبارە داڕشتنی جیهان و زیادبوونی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان لە سەرانسەری جیهان و سیاسەتی بەرگری نوێ لە وڵاتانی ئەوروپا، هەندێک لە حکومەتەکان هەنگاویان ناوە بۆ فراوانکردنی خزمەتی سەربازی ژنان، ئەم ڕەوتە کە شێوەی ڕێوشوێنی بەرزکردنەوەی ئامادەیی بەرگری دەگرێتەبەر، گفتوگۆیەکی نوێی لەسەر کاریگەرییە بەرفراوانەکانی پەیکەری کۆمەڵایەتی و کولتووری و ڕەگەزی کۆمەڵگەکان بەدوای خۆیدا هێناوە.

 

هەندێک لە دامەزراوە توێژینەوە و کۆمەڵایەتییەکان کە لێکۆڵینەوە لەم سیاسەتانە دەکەن، ئاماژە بە کاریگەرییە ئەگەرییەکانیان لەسەر ڕۆڵی ڕەگەزی نەریتی و پێناسەکردنەوەی پێگەی ژنان لە سەربازیدا دەکەن، هەروەها شرۆڤەکاران پێیان وایە کە زیادبوونی بوونی ژنان لە پێکهاتە سەربازییەکاندا پرسیاری دروستکردووە سەبارەت بەوەی کە چۆن ناسنامەی ڕەگەزی لەگەڵ چەمکەکانی بەرگری و توندوتیژی و ململانێی سەربازیدا کارلێک دەکەن، لەم نێوەندەدا هەندێک وتیان: کە هاتنە ناوەوەی ژنان بۆ ناو سەربازی دەبێت لەگەڵ ڕەچاوکردنی کولتووری و کۆمەڵایەتیدا بێت بۆ ڕێگریکردن لە دەرئەنجامە دەروونی و پێکهاتەییە ئەگەرییەکانی بۆ کۆمەڵگە.