داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە ئیدلب: لەگەڵمان بن و بێدەنگ مەبن
ئەو ژنانەی بەرگری لە مافەکانیان دەکەن و بۆ ئازادی خۆیان تێدەکۆشن، ڕووبەڕووی فشار و هەڕەشە و ئاستەنگ دەبنەوە، ئەو ژنانە وتیان: هیچ بەربەستێک لەتێکۆشان ڕامانناوەستێنێت و لەگەڵ ئێمە بن و بێدەنگ مەبن.
هەدیل عومەر
ئیدلیب - لە ئیدلب کە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا حەیات تەحریر ئەلشام "HTŞ" دایە، هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە دژی ژنان و منداڵان ئەزموون دەکرێت، ئەو چەتانەی شارەکەیان داگیر کردووە مافی ژنان و ئازادییان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا سنووردار کردووە، بە هاندانی ئایین قسەی ڕقاوی دژی ژنان بڵاودەکەنەوە، لەم دواییانەدا پراکتیزە نەرێنییەکان لە دژی ژنان لە شارەکەدا زیادیان کردووەو ئەم دۆخە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی تاوان بەرامبەر بە ژنان.
ژنان سەرەڕای ئەو هەموو نەرێنییە لە خەباتی خۆیان ڕاناوەستن، ئەو ژنانەی تێۆکۆشان و گۆڕانکارییان دەوێت دەکرێنە ئامانج.
"پێیان وایە ژنان سنووری خۆیان دەبەزێنن"
ئامینە ئەلنور، چالاکوانی مافی ژنان کار بۆ مافەکانی ژنان لە ناوچەکەو بەتایبەت بۆ ژنانی ئاوارە دەکات و وتی: زۆرێک لە پیاوان لێ رەڕۆڵی ژن بە کەم دەزانن، ئەوان پێیانوایە ژیانی ژنان تەنها لە ماڵەوە دەبێت، بەڵام من ئەم باوەڕە ڕەتدەکەمەوە، ژینگەی کۆنەپەرستانە و هەندێک نەریتی کۆمەڵگە ئاستەنگن بۆ ژنان، ئەو ژنانەی دەچنە ناو کایەی گشتییەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە کۆمەڵگە هێشتا پێیوایە ئەو ژنانەی باس لە سیاسەت و مافەکانی کۆمەڵگە دەکەن سنوورەکانیان تێدەپەڕێنن، بەربەستەکە تەنها لە قسەکاندا سنوردار نییە، لە هەمان کاتدا هەڕەشە لە ژنان دەکرێت و هەندێک لە چالاکوانانی ژن لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە هەڕەشەی ڕفاندن و تیرۆرکردنیان لێدەکرێت.
"سەرەڕای فشارەکان هەنگاوێک ناچینە دواوە"
چالاکوان ڕانا جونەید وتی:بەهۆی کارکردنم بۆ ژنان، چەندین جار هەڕەشەم لێکراوە، بەڵام پاشگەز نەبوومەوە، ئەوەی ئێمە دەیکەین یەکەم هەنگاوە بۆ گۆڕانکاری، کاتێک کۆبوونەوە گشتییەکان لە ژنان قەدەغە کران، ڕوومان لە ئینتەرنێت کردووە بۆ دروستکردنی پەروەردەی دیجیتاڵی و وۆرک شۆپ بۆ ژنان بۆ گەیاندنی دەنگمان بە هەموو شوێنێک و پەیامەکانیان بنێرن، تەکنەلۆژیا وەک ئامڕازێک بەکاردەهێنین.
ڕانا جونەید سەرنجی بۆ ململانێ و هێرشەکانی ئیدلب ڕاکێشا و ڕایگەیاند، کاری ژنانی چالاکوان بەربەست دەکرێت و بەبیری هێنایەوە کە خەڵکێکی زۆر لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە کار بۆ گەیشتن بە خەڵک دەکەن.
"هەمیشە هەوڵدەدەین چارەسەری بدۆزینەوە"
چالاکوان سەمیرە دەحلان، کە کار بۆ پێگەیاندنی ژنان لە بواری یاسادا دەکات، وتی: کاتێک دەستم بە پیشەکەم کرد، ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بوومەوە، هەندێک لە بەرپرسانی ناوچەکە چاوەڕێی ئەوەن ئەو ژنانە ئەو یاسایانە قبوڵ بکەن کە دیاریکراون، چەندین جار هەڕەشەی ڕفاندنم لێکراوە، سەرەڕای ئەو هەموو سەختییانە، ئەمڕێگایەم هەڵبژارد، چونکە باوەڕم وایە کە مافی خۆمانە، لەگەڵمان بن و بێدەنگ مەبن.
سەمیرە دەحلان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: زۆرێک لە پیاوان لێرە پێیان وایە ژن بۆ بەڕێوەبردن شیاو نییە، بەڵام ئێمە پێچەوانەکەی بیر دەکەینەوە و ڕۆژانە دەیسەلمێنین، ڕۆژانە ململانێ لەدژی بەڕێوەبەرە ناوخۆییەکان هەیە کە ژن لە بڕیارەکاندا قبوڵ ناکەن و ئاستەنگی زۆر دەخرێتە بەردەم ژنان، بەڵام ئێمە هەمیشە هەوڵدەدەین چارەسەری بۆ بدۆزینەوە.