"داخستنی پەیمانگا پزیشکییەکان هەڕەشەیە بۆ سەر داهاتووی ئەفغانستان"
کارین دیکەر، کارگێڕی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەفغانستان نیگەرانی دەردەبڕێت سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی قەدەغەکردنی خوێندن بۆ کچان و و داخستنی بەشی مامانی و پەرستاری لە پەیمانگاکان ڕایگەیاند، ئەو بڕیارە داهاتووی ئەفغانستان دەخاتە مەترسییەوە.
ناوەندی هەواڵ
لە ٤ی کانوونی یەکەم، بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی تاڵیبان خوێندنی ژنانی لە پەیمانگای بواری مامانی و پەرستاری قەدەغە کرا، ئەم بڕیارە کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە.
کارین دیکەر، کارگێڕی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە داخستنی بەشەکانی مامانی و پەرستاری لە پەیمانگەکان لە لایەن تاڵیبانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەتی تاڵیبان لەبارەی داخستنی بەشەکانی مامانی و پەرستاری لە ناوەندی خوێندنی پەیمانگاکان لە هیچ زمان و ئایین و کەلتوورێکدا بەرگری لێ ناکرێت.
وتیشی: قەندەهار پێشتر داهاتووی ئەفغانستانی خستە مەترسییەوە بەوەی خوێندکارانی کچ نەیانتوانی ببنە مامۆستا یان ئەندازیار، بەڵام ئێستا قەدەغەکردنی خوێندنی کچان داهاتووی ئەفغانستان دەخاتە مەترسییەوە و داهاتووی وڵاتەکە بەتەواوی وێران دەبێت.
باسی لەوەشکرد، منداڵ لەدایک نابێت،دایکان دەمرن هەموو خەڵکی ئەفغانستان ئازار دەچێژن. دەبێت ئەم بڕیارە پێچەوانە بکرێتەوە بۆ ئەوەی لە ئازاری ناپێویست دوور بکەوێتەوە.
جەختی لەوە کردەوە، لەکاتێکدا تاڵیبان هەوڵ دەدات دەنگی ژنان کپ بکات، پێویستە ئەمریکا گوێ لە دەنگی ژنانی ئەفغانی بگرێت و پشتیوانی لە مافەکانیان بکات. تاڵیبان سنووردارکردنی زیاتری بەسەر مافەکانی ژناندا سەپاندووە. لە دوایین حاڵەتەکاندا کچانی لە مافی خوێندن لە پەیمانگا پزیشکییەکان بێبەش کردووە.