"داگیرکەران لە خاکی خۆمان دەردەکەین"
ژنانی کانتۆنی عەفرین-شەهبا کاردانەوەیان بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک نیشان دا و دووپاتیان کردەوە، خۆیان ڕادەستی هێرشەکان ناکەن و بەردەوام دەبن لە بەرخۆدان.
ڕاپەرین بەکر
شەهبا- دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی دژ بە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ژنانی عەفرین بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە ناچاربوون ڕوو لە شەهبا بکەن و لەوێش بەرامبەر هێرشی دەوڵەتی تورک و دەستوەردانەکانی حکومەتی شام بۆ سەر ناوچەکە بەرخۆدان دەکەن، ژنان کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک نیشان دا و ڕایانگەیاند، داگیرکەران لە خاکی خۆیان دەردەکەن.
"ساڵانێکە لەژێر هەڕەشەی دەوڵەتی تورکیاداین"
نەدا محەمەد لە تل رەفعەتەوە ئاماژەی بەوەدا، سیاسەتێکی پیس دژی گەل بەڕێوەدەچێت و وتی: لەو کاتەوەی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەستیپێکردووە، گەلی تل ڕەفعەت لەژێر هەڕەشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیادا دەژین، بۆ فراوانکردنی داگیرکارییەکانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییەکانیەوە بەشێکی لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داگیرکردووە، دەیەوێت خەونی عوسمانی پێکبهێنێت، بەڵام ئێمە وەک پێکهاتەکانی ناوچەکە هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئایین و باوەڕدا ناکەین، دۆزەکەمان داوای برایەتی گەلان دەکات و ئێمەش ئەمەمان بەدەستهێناوە لەسەر خاکەکە.
"دەستبەرداری خاکەکەمان نابین"
نەدا محەمەد لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە دەستبەرداری خاکەکەمان نابین و ناهێڵین بۆ دەوڵەتی تورکیا جێبهێڵدرێت، لەسەر خاکی خۆمان دەبین و ئامانجەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا تێکدەشکێنین، ئێمە خاوەنی خاکەکەین و چارەنووسی دیاری دەکەین.
"هیوامان لە پلانەکانیان بەهێزترە"
جیهان محەمەد، کۆچبەرێکی خەڵکی عەفرینە و ئێستا لە تل ڕەفعەت نیشتەجێیە، وتی: ٧ ساڵە کۆچبەرین، لە سەرەتای کۆچ و تا ئێستا هەموو سیاسەتەکان لە دژی ئێمە ئەنجام دەدرێن بۆ ئەوەی جارێکی تر کۆچ بکەین و تل ڕەفعەت داگیر بکرێت، هەروەها دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەیەوێت پڕۆژەی دیموکراتیک بکاتە ئامانج، کاتێک لە ناوچەکەمان ئاوارە بووین، ڕێگای بەرخۆدانمان هەڵبژارد، ئیرادە و بەرخۆدانمان لە هەموو پلان و هەڕەشەکان بەهێزترە، لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ناترسین و ڕادەست نابین، هەمیشە دروشمی بەرخۆدانی ژیان بەرز دەکەینەوە، بێدەنگی ڕێکخراوە یاسایی و مرۆییەکان لە بەرامبەر کردەوەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا شەرمەزار دەکەین و بێدەنگی ئەوان بەو واتایایە کە ئەوانیش هاوبەشی هێرشەکانن.
حەنا ئەحمەد، یەکێک لە کۆچبەرەکانی عەفرین کە لە شاری ڕەفعەت دەژی، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیای دژی شەهبا ئیدانە کرد و وتی: هێرشە داگیرکەرییەکان بەرخۆدانمان تێکناشکێنن و ئیرادەمان ناشکێنن، تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین، چونکە ئێمە خاوەنی ئەم خاکەین و داگیرکردنی ناوچەکانی دیکە لە خاکی سووریاوە خەونێک دەبێت.