دادگاییکردنی سەعدیە مسباح و هاوکارەکانی بابەتی دارایی نییە بەڵکو پەیامی تۆقاندنە

بڕیارەکەی دادگای تێهەڵچوونەوەی تونس بۆ پەسەندکردنی سزای هەشت ساڵ زیندانیکردن لە دژی سەعدیە مسباح، بەرگریکاری مافی مرۆڤ، ڕەخنەی بەرفراوانی گروپەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتەوە، لەکاتێکدایە هۆشدارییەکان لەبارەی هەڵکشانی مەترسیدارەوەیە.

تونس

 

دەستگیرکردن و زیندانیکردنی چالاکوان سەعدیە مسباح، ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی فشارەکانە بۆ سەر کۆمەڵگەی مەدەنی و پەرەسەندنی مەترسییەکانی بەردەم داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ ئەم دۆسیەیە بە نیشاندەرێکی نیگەرانکەر دەزانن بۆ دابەزینی پاراستنی مافە بنەڕەتییەکان.

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی تونسی شەرمەزارکرد بە ئەو بڕیارەی کە لە دادگای تێهەڵچوونەوەی تونس لە ٢٣ی حوزەیران دەرچوو، بە پشتڕاستکردنەوەی سزای سەرەتایی ناڕەوا سەعدیە مسباح، بەرگریکاری ناسراوی دژە ڕەگەزپەرستی تونس، سەرۆکی کۆمەڵەی ”منامتی” و ئەو سزایانەی بەسەر ئەندامان و هاوکارانی کۆمەڵەکەدا سەپێنراوە.

 

ڕێکخراوەکە ٢٤ی حوزەیران دووپاتی کردەوە، کە پەسەندکردنی سزای هەشت ساڵ زیندانیکردن و غەرامەکردنی سەعدیە مسباح پاشەکشەیەکی جیددییە بۆ دادپەروەری و مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، هەروەها پەیامێکی ڕوون و تۆقاندنە بۆ هەموو داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، بەتایبەت ئەوانەی کاردەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستی و داکۆکیکردن لە مافی کۆچبەران و ڕەشپێستەکان لە تونس.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بڕیارە ناتوانرێت لە چوارچێوەیەکی فراوانتری سەرکوتکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی جیابکرێتەوە و تۆمەتە داراییە ناڕوونەکان، کە بەڵگەی جددی پشتگیریان لێنەکرابوو، بۆ بەئامانجگرتنی کۆمەڵە و چالاکوانان و بە تاوانبارکردنی هاودەنگی و کاری شەرعی مافەکانی مرۆڤ بەکارهێنران.

 

 

ڕێکخراوەکە بڕیارەکەی دژ بە سەعدیە مسباحی بە پێشێلکردنی بنەمای ڕێوشوێنی دادگای ئاشکرا زانی، دوای ئەوەی نوێنەرانی ئەو لەگەڵ نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی دیکەی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێگرییان لێکرا لە ئامادەبوون لە دانیشتنەکانی دادگاییکردن لە ڕۆژانی ١٩ و ٢٣ی حوزەیران، ڕێکخراوەکە پێی وایە ئەم دوورخستنەوەیە نیگەرانییەکی جددی لەبارەی مسۆگەری دادگاییکردنی دادپەروەرانە و ڕوونی ڕێوشوێنە دادوەرییەکان دەوروژێنێت.

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە دەسەڵاتدارانی تونس کرد دەستبەجێ و بێ مەرج سەعدیە مسباح ئازاد بکەن و سزای ئەو و هاوکارەکانی لە کۆمەڵەی ”منامتی” هەڵبوەشێننەوە و مافی تەواوی خۆیان بۆ دادگاییکردنی دادپەروەرانە مسۆگەر بکەن و لێکۆڵینەوەیەکی جددی و سەربەخۆ بۆ هەموو تۆمەتەکانی ڕەگەزپەرستی و مامەڵەی خراپ لە زینداندا بکەنەوە، کۆتایی بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەری وەک ئامرازێک بۆ تاوانبارکردنی مافەکانی مرۆڤ بهێنن کارکردن و سنووردارکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی.