دادگایەکی تورکیا سزای ٨٠ ساڵ زیندانیی بەسەر منداڵێکی ڕۆژئاوای کوردستاندا سەپاند
چەتەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا "ئۆسۆ" منداڵێکی ١٥ ساڵانیان بە ناوی حوسێن محەمەد، کە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە، ڕفاند. دواتر لە دادگادا سزای ٨٠ ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپاند.
ناوەندی هەواڵ
چەتەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا "ئۆسۆ" لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە شاری سەرێکانیی ڕۆژئاوای کوردستان، حوسێن محەمەدی تەمەن ١٥ ساڵیان بە مەبەستی وەرگرتنی سەرانە ڕفاند. کاتێک سەرانەکەیان دەست نەکەوت، ئەو منداڵەیان ڕادەستی تورکیا کرد.
لەسەر تۆمەتەکانی ئۆسۆ، دۆسیەیەک بۆ محەمەد کرایەوە و لەو دۆسیەیەدا بڕیاری دادگا دەرچوو. دادگای سزای قورسی ٢ـی ڕحا، دوای ئەوەی دادگای باڵا سزای پێشووی هەڵوەشاندەوە، دۆسیەکەیان دووبارە کردەوە. لەم دادگاییکردنەدا ئەوە پشتڕاست کرایەوە کە حوسێن محەممەد تەمەنی لە ١٨ ساڵ کەمترە.
دادگا داواکاریی پارێزەرانی بۆ لێکۆڵینەوە لە بەڵگەکان ڕەت کردەوە. دادگا محەمەدی بە بەرپرسیار زانی لە گیانلەدەستدانی ٣ سەرباز. لەبەر ئەوە، ٤ جار سزای ٢٠ ساڵ، بە کۆی گشتی ٨٠ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپاند.
بەپێی ئەو هەواڵەی لە ڕۆژنامەی "یەنی یاشام"دا بڵاو کراوەتەوە؛ حوسێن محەمەد لە زیندانی ئاسایشی باڵای ئەرزینگان ڕاگیراوە و بە بەرپرسیار لە گیانلەدەستدانی ٣ سەربازی تورکیا دانراوە.
محەمەد لەسەر بنەمای ئەو تۆمارانە دادگایی کرا کە چەتەکانی "ئۆسۆ" ئامادەیان کردبوو. پێشتر تەمەنی ئەویان لە تۆمارەکاندا بە گەورەتر نیشان دابوو. بەڵام لەو بەڵگەنامە فەرمییانەی لەدایکبووندا کە پارێزەرەکانی پێشکەشی دادگایان کرد، دەرکەوت کە ئەو لە کاتی ڕووداوەکەدا تەمەنی نزیکەی ١٤-١٥ ساڵ بووە. دادگای باڵا پێشتر ئەو سزایەی بەسەر ناوبراودا سەپێنرابوو، بەهۆی کەموکورتیی ڕێکارەکانەوە هەڵوەشاندەوە. دادگای باڵا داوای کردبوو کە ڕاپۆرتەکانی دەزگای پزیشکیی دادوەریی و ڕاپۆرتەکانی نەخۆشخانە سەبارەت بە دیاریکردنی تەمەن یەک بخرێن و لەگەڵ یەکتر بگونجێنرێن.