دیداری باشوور بۆ ئایندەی ڕۆژئاوای کوردستان لە سووریای نوێدا دەستی پێکرد
لە دیدارێکدا لە شاری سلێمانی باس لە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان کرا و ئەرک و ڕۆڵی باشووری کوردستانیش لە پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوادا گفتوگۆی لە بارەیەوە دەکرێت.
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/01/20250125-image-jpg0e5610-image.jpg)
سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی ئوتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی دیداری باشوور بۆ ئایندەی ڕۆژئاوای کوردستان لە سووریای نوێدا، بە بەشداری کەسایەتی سیاسی، نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، ژنانی سیاسی و چالاکوان و ڕۆشنبیران و نووسەران و توێژە جیاوازەکان بەڕێوەچوو.
سەرەتای دیدارەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستی پێکرد، دوابەدوای ئەوە، وتاری دەستپێک لەلایەن شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەنەكە، پێشکەشکرا و سڵاوی لە بەرخۆدانی گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد، هەروەها شۆڕشەکانی شێخ سەعیدی پیران و شێخ عەبدوڵای نەهری و شۆڕشەکانی دیکەی بەبیر هێنایەوە کە کورد هەمیشە لە دژی داگیرکاری ڕاپەڕیوە و ئەمڕۆش ئەم شۆڕشە لە ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە، وتیشی؛ لە باشووری کوردستانەوە هەمیشە پاڵپشتی ڕۆژئاوا کراوە و بۆ داهاتووش ئەم یەکڕێزییە بەردەوام دەبێت و هیوای سەرکەوتن بۆ ڕۆژئاوا.
لە درێژەی دیدارەکەدا پەیامی ڤیدیۆیی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە پێشکەشکرا و سڵاوی لە گەلی کورد لە باشووری کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەدا، “باشووری کوردستان لە شەڕی داعش و تا ئەمڕۆ بەردەوام پاڵپشت و پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان بووە و ئەمەش جێگای ڕێزە، ئێستا هێرشێکی زۆر لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان هەیە، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەخوازێت دەستکەوتەکان لەناوببات، داهاتووی سووریاش بە پاراستنی گەلی کورد و پێکهاتەکان دەبێتە سووریایەکی دیموکراتیک.
ژەنەراڵ مەزلوم عەبدی جەختی کردەوە کە لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرخۆدانێکی بێ وێنە بەڕێوە دەچێت و ئەزموونی زیاتر لە ١٠ ساڵ بەرخۆدان و خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە و ئەمەش بە ئاسانی لەناو ناچێت.
دیدارەکە بە پێشکەشکردنی پانێڵی یەکەم بەردەوامی دەبێت.