لە ماوەی یەک مانگدا ٢٧ ژن و سێ منداڵ لە ئێران کوژران
تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا ٢٧ ژن و سێ منداڵ کوژراون و سەرەڕای زیادبوونی ڕووداوەکانی کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان، دەسەڵاتدارانی ئێران هیچ هەنگاوێکی بۆ کەمکردنەوە و کۆتاییهێنانیان نەناوە.
ناوەندی هەواڵ
ژنان لە ئێراندا ڕۆژانە بە شێوەیەکی سیستماتیک دەکوژرێن و هاوژینەکانیان، یان هاوژینی پێشوویان وەک “ئەنجامدەرانی سەرەکی” ئەم تاوانانە دەناسرێنەوە. لە چەقۆ، سووتاندن، خنکاندن، لێدان، تەقەکردن، ژەهراویکردن، ڕاکردن بە ئۆتۆمبێل، سەربڕین و فڕێدان لە باڵەخانەکانەوە، تا کوشتنی “شەرەف”، بەهۆی داوای جیابوونەوە، ڕەتکردنەوەی پێشنیاری هاوسەرگیری یان ڕەتکردنەوەی قبوڵکردنی هاوسەرگیری دووەمی هاوژینەکانیان، ژنان کوژراون.
ئاژانسی نوژنها مانگانە ڕاپۆرتێک لەبارەی کوشتن و خۆکوشتن و هۆکارەکانیان بڵاو دەکاتەوە، بە پێی داتای ئاژانسەکەمان نزیکەی ٢٧ ژن و سێ منداڵ لە نێوان ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، تا ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ بە شێوەی کوشتن ناچار بە خۆکوشتن و گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئەو داتایانەی دەست ئاژانسەکەمان کەوتووە، ٢٢ ژن و دوو منداڵ کوژراون، هەروەها ٧ ژن کە پێشتر بە هۆکاری جیاجیا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرابوو، لە سێدارەدراون. بەپێی کۆتا هەواڵیش کە بڵاو کراوەتەوە، ژنێکی گەنج لەشاری برەدکەسن بەشێوەیەکی دڕندانە کوژراوە لەلایەن هاوژینەکەیەوە و بە کێشەی کۆمەڵایەتی پێناسە کرا.
شایانی باسە کە زۆرێک لە کوشتنەکان بەبێ ڕاپۆرت دەمێننەوە و سەرەڕای ئەو سنووردارکردنە سیاسی و کولتوورییانەی کە لە کۆمەڵگەدا زاڵن، مەحاڵە ئاماری ڕاستەقینە بەدەست بهێنرێت و ئەو ئامارانەی پێشکەش دەکرێن تەنها ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە لە هەواڵەکاندا بڵاودەکرێنەوە.