حاکمەکانی سودان؛ ژنانی هۆنەر کە بوونەتە دەنگی ئاشتی
لە ڕۆژئاوای سودان، ژنە هۆنەرەکان بە ناوی "حاکمە"، بە کاریگەریی وشەکانیان و هێزی هۆنراوەکانیان لە چارەسەرکردنی ململانێی خێڵەکییەکان و پاڵپشتیکردنی مافەکانی ژنان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن. ئەم ژنانە کە لە دەرەوەی سنووری خێڵەکی جێگایان هەیە، لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسا
میرفت عەبدولقادر
سودان- توێژەرانی کولتووری جەماوەری سودان پێیان وایە حاکمەکان لە دەرەوەی یاساکانی عەشیرەت جێگەی خۆی هەیە و دەتوانێت بەبێ سنووردارکردن مامەڵە بکات. ئەم ژنانە بە دەنگ و هۆنراوەکانیان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە بەرقەرارکردنی ئاشتی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی.
حاکمە یان هۆنەر بە ژنێکی سودانی دەوترێت کە هۆنراوە دەنووسێت. بەزۆری بە زمانێکی سادە لە زاراوەی ناوخۆیی عەشیرەتی وەک دارفور و کۆردۆفانەوە گۆرانی دەڵێت و قسەکانی بەبێ هیچ ناڕەزایەتییەک لەنێو هەموواندا بڵاو دەبێتەوە. ئەمڕۆ زۆرێک لەو ژنانە بە هۆنراوەکانیان بوونەتە نیشاندەرانی ئاشتی و هەوڵی وەستاندنی شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و دووبەرەکی دەدەن. سەرهەڵدانی حاکمەکان دەگەڕێتەوە بۆ هاتنی عەرەبەکان بۆ سودان، هەرچەندە وادەی وردی دیار نییە.
وشەی "حاکمە" لە حکم، دڵنیایی لە کاروبارەکان و حیکمەتەوە هاتووە. ئەم ژنانە چەندین نازناوی هونەرییان هەیە کە نیشاندەری هێزیانە، وەک "شەبایە (نیلبەک)، بازاڕی ڕەش، یەکلاکەرەوەی مین، گەردەلوول، تۆڕی هەواڵ، تۆو، مایکرۆفۆن" و چەندانی تر. حاکمە بە شێوەیەکی سروشتی و بێ سنووردارکردن لە کۆمەڵگەدا دەگەڕن.
حاکمە بە جلوبەرگی جیاواز لە ژنانی دیکەی عەشیرەتەکە دەناسرێنەوە، بەتایبەتی لە بۆنە کۆمەڵایەتییەکان، چ تایبەت و گشتی، جلێکی تایبەت کە لە میراتی کولتوورییەوە وەرگیراوە لەبەر دەکات.
نادیە دۆدۆ، لێکۆڵەر لە میراتی سودان دەڵێت: "حاکمە بە ئازادی گەشت دەکاتە ناو ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەوڵەت ئەو ژنانە بەکاردەهێنێت بۆ خزمەتکردنی پرسی ژنان و کۆمەڵگە و چارەسەرکردنی کێشە هاوبەشەکانی هەرێم، پرسەکانی وەک بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیەکانی منداڵان، ململانێی خێڵەکی، بەرەنگاربوونەوەی نەخوێندەواری و نەریتە زیانبەخش و کۆنەپەرستانەیەکان وەک خەتەنەکردنی ژنان و هاوسەرگیری منداڵان".
ژنانی سودان بەهۆی شەڕی بێکۆتایی خێڵەکییەوە لە دۆخێکی ناسەقامگیری و ئاوارەبوونی هەمیشەییدا دەژین. هەمیشە قوربانی توندوتیژی پەیوەست بە شەڕەوە وەک کۆیلایەتی و ڕفاندن و بازرگانیکردن و دەستدرێژیکردنە سەریانن. لە لایەکی ترەوە پیاوانی هۆزەکانی دارفور بۆ ماوەیەکی زۆر بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵ لە ماڵەوە دووردەچن و ژنان بەتەنها بەجێدەهێڵن کە بەرپرسیارێتی چاودێریکردنی منداڵ و بەساڵاچووان و کارەکانی ناوماڵیان لەسەر شانە. ئەم پیاوانە زۆرجار لەگەڵ عەشیرەتەکانی تر ناکۆکییان دەبێت و دوژمنەکانیان دوای ڕۆشتنیان دێن بۆ تۆڵەسەندنەوە و دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنەکانیان و دەیانڕفێنن و ماڵەکانیان دەسوتێنن.
سوعاد ئەلسادق، لێکۆڵەری لە بواری کلتووری گشتیدا دەڵێت: "دەنگی حاکمە گوزارشت لە ئازار و ناخۆشییەکانی ژنان و هاواریان بۆ یارمەتییە، کاتێک لەلایەن خێڵەکانی ترەوە هێرش دەکرێنە سەریان. ئەم دەنگە لە شێوەی هۆنراوەی تایبەت و بە گۆرانییەکی گونجاو لەگەڵ هۆنراوە و کولتووری مۆسیقای ناوچەکە دەردەبڕدرێت. هۆنراوەی حاکمەکان، ڕەنگدانەوەی ئازارەکانی ژنانە و لە ڕێگەی دەنگی خۆیەوە دەیگەیەنێتە گەورەکانی عەشیرەت و داوایان لێدەکات پشتیوانی ژنان و منداڵان بکەن. دەشڵێت "دەنگی حاکمەکان کاریگەری هەیە لەنێو هۆزەکان و سەرکردەکانیان و دەتوانێت بە گۆرانیەکانیان وا لە پیاوان بکات پاڵپشتی ژنان و منداڵان و بەساڵاچووان بکەن".
حاکمەکان لە ململانێکانی ئێستای سوداندا دوو ڕۆڵیان هەیە. لە لایەک لە کاتی ململانێی نێوان عەشیرەتەکاندا هانی منداڵانی خێڵ دەدەن بۆ خۆڕاگری، چونکە شکستی خێڵ بە واتای شکست و لاوازی ژن دێت. لەم جۆرە بارودۆخانەدا ژنان دەبنە قوربانی توندوتیژی دڕندانەی وەک دەستدرێژی و کوشتن و ئەشکەنجەدان. لە لایەکی ترەوە حاکمەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە بەرقەرارکردنی ئاشتی و دەتوانن بە هۆنراوە و گۆرانیەکانیان هاوکار بن لە کوژاندنەوەی ئاگری شەڕ و داوا لە سەرکردەکانی جەنگ بکەن کە ئاشتی قبوڵ بکەن و دەستبەرداری توندوتیژی بن.
زۆرێک لە ململانێکان و شەڕی ناوخۆ لە ڕۆژئاوای سودان لە سایەی هەوڵی دەسەڵاتداران و لە ڕێگەی هۆنراوە و گۆرانییەکانیانەوە چارەسەر کراون. ڕەنج و کارەساتی شەڕ لە گۆرانی و وشەی سادەدا ڕەنگ دەدەنەوە و پیران و فەرمانڕەوای عەشیرەت ناچار دەکەن تەسلیم بن و شەڕ ڕابگرن. یەکێک لە بەناوبانگترین داکۆکیکارانی ئاشتی لای حاکمەکان شادان محەمەد عەلی بوو کە ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ گۆرانی وتن و گۆرانی بۆ ئاشتی، بەڵام بەداخەوە لە ململانێکانی ئەم دواییەی وڵاتدا کۆچی دوایی کرد.
هەروەها مریەم موعەلا، حاکمەی دارفوری، داوای بەرقەرارکردنی ئاشتی و وەستاندنی ململانێکان و ڕەتکردنەوەی دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری سودان کردووە. لەهۆنراوەکانیدا بانگەوازی خەڵک دەکات بۆ یەکڕیزی و ئاگاداریان دەکاتەوە کە خۆیان لە دووبەرەکی و فیتنە دەرەکییەکان بەدوور بگرن کە سوودان وێران دەکات.