شیلان میرزایی لە تورکیا دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد
شیلان میرزایی ڕایدەگەیەنێت، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان و ئەو زیندانییانەی مەترسییان لەسەرە، مانی لە خواردن گرتووە.
ناوەندی هەواڵ
٢٩ی تشرینی یەکەم، شیلان میرزایی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و پەناخوازی سیاسی کە ئێستا لە تورکیایە، لە هەژماری تایبەت بە خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان و ئەوانەی لە مەترسیدان، دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.
سزای یەک ساڵەی دیپۆرتکردنەوەی ئەم چالاکوانی مافی مرۆڤە لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ کۆتایی هات و ئێستا دەوڵەتی تورکیا دەتوانێت بە شێوەیەکی یاسایی دیپۆرتی بکاتەوە بۆ ئێران و سەرەڕای ئەوەی کە هەموو بابەتە ئیدارییەکانی پەیوەست بە گواستنەوەی شیلان میرزایی بۆ کەنەدا تەواو بووە، باڵیۆزخانەی کەنەدا لە تورکیا، بە هۆکارێکی نادیار، فۆڕمی دەرچوونی ئەم چالاکوانە واژۆ ناکات و مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێران و ڕووبەڕووبوونەوەی سزای قورسی لەسەرە.
هەربۆیە شیلان میرزایی لە هەژماری تایبەت بە خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ئەم مانگەوە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سێدارەدان و ئەو کەسانەی کە مەترسییان لەسەرە، کە تەنانەت ڕەنگە خۆیسی یەکێکیان بێت، دەست بە مانگرتنێکی تەواو لە خواردن دەکات.