لەبارەی تای خوێنبەربوونەوە هۆشداری بە هاوڵاتیانی عێراق دەدرێت

وەزارەتی تەندروستی عێراق لەبارەی تای خوێنبەربوونەوە ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات، لە کاتی دەرکەوتنی نیشانە سەرەتاییەکان پێویستە سەردانی بنکەی تەندروستی بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکە  لە ئاژەڵەوە لە ڕێگەی گەنە و مێرووەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و لەکاتی توندبوونی نیشانەکانیدا ڕەنگە ببێتە هۆی گیان لەدەستدان، لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە ئێستا نەخۆشییەکە بڵاوە چەند گیان لەدەستدانێک تۆمارکراوە.

 

وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ دەرکەوتنی نیشانە سەرەتاییەکانی پەتای تای خوێنبەربوون پێویستە هاوڵاتییان سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی بکەن بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، چونکە ئەگەر نەخۆشییەکە بچێتە قۆناغی دووەمی، ئەوا کاریگەرییە نەرێنییەکانی زیاتر دەبێت.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، نیشانەکانی تای کرم- کۆنگۆی خوێنبەربوون لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش و هەستکردن بە دڵ تێكهەڵاتن و ئازاری لەش دەستپێدەکات، لەم قۆناغەدا ئەگەر نەخۆش سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی بکات، دەتوانرێت نەخۆشییەکە دەستنیشان بکرێت و ئاسان چارەسەر دەکرێت، ئەگەر نەخۆشییەکە بچێتە قۆناغی دووەمییەوە و خوێنبەربوونی ژێر پێست ڕووبدات، ئەوە بەواتای ئەوە دێت نەخۆشییەکە گەیشتووەتە قۆناغێک کاریگەرییە نەرێنییەکانی زیاتر دەبن.

 

سەبارەت بەو کەسانەی زیاتر ئەگەری تووشبوونیان هەیە، ئەوە خراوەتەڕوو ئاژەڵدارەکان و ئەوانەی بازرگانی بە ئاژەڵەوە دەکەن، ئەو شۆفێر و شوانانەی ئاژەڵ دەگوازنەوە و گۆشتفرۆشەکان و ئەوانەی لە مەیدانی ئاژەڵەکان ئاژەڵ سەر دەبڕن، ئەو کەسانەن کە تووشی تای خوێن بەربوون دەبن ئەگەر خۆپارێزی نەکەن.