چیگدەم کلچگون ئوچار: سەد ساڵە گەلی کورد لەسەر پێیە

چیگدەم کلچگون ئوچار، هاوسەرۆکی دەبەپە لە کۆنگرەی پارتەکەی لە دیلۆک قسەی کرد و ڕایگەیاند، حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە پێدایگری لەسەر چارەسەر نەکردنی پرسی کورد دەکات و وتی: گەلی کورد سەد ساڵە لەسەر پێیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی پارتی هەرێمە دیموکراتییکەکان لە دیلۆک حەوتەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ناوچەی ناوەڕاستی ئەلابان بە دروشمی "لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو بەرەو ژیانێکی ئازاد" سازکرد، چیگدەم کلچگون، هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، نوێنەری پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و زۆرێک لە هاووڵاتیان بەشداری کۆنگرەکە بوون، پانکارتی "دەنیز پۆیراز شەرەفی ئێمەیە" کە وێنەی دەنیز پۆیراز، خەباتکاری پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپەی لەسەربوو کە لە ئیزمیر کوژرا هەڵواسرابوو.

 

کۆنگرە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد و دواتر دروشمی "شەهید نامرن" بەرزکرایەوە، پاشان چیگدەم کلچگون قسەی کرد و سەرنجی بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری پەدەکە لە دژی هەرێمی کوردستان ڕاکێشا و وتی: پەدەکە هاوکاری ئاکەپە دەکات، حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە سەبارەت بە پرسی کورد هەڵبژاردنی کردو ڕێگە نادات پرسی کورد چارەسەر بکرێت، دوای شەڕەکان کوردستان دابەش بوو بەسەر چوار بەشدا و لە هەر چوار پارچەکەدا گەلی کورد تووشی گۆشەگیری و سیاسەتی فشار بووەو پێویستە گەلی کورد لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا یەکێتی نەتەوەیی خۆی ڕابگەیەنێت.

 

"دەستبەرداری بەهاکانمان نابین"

لە درێژەی قسەکانیدا، چیگدەم کلچگون ئوچارهێرشی داعشی بۆ سەر ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە دیلۆک لە ٢٠ی ئابی ٢٠١٦ بەبیرهێنایەوە کە ٥٧ کەس کوژران و وتی: دوێنێ ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی شەنگال بوو، لەبەرچاوی هەموو جیهان جینۆسایدیان لە دژی ئێزیدییەکان ئەنجامدا، کورد جیهانی لە داعش ڕزگارکرد، بەڵام ئاکەپە-مەهەپە دەیەوێت دووبارە دروستیان بکاتەوە، ئەم چەتانە لە هێرشەکانی دژی هەرێمی کوردستان بە کار دەهێندرێن، ئاکەپە-مەهەپە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی کوردستان دەدات لە ڕێگەی داعشەوە، بەڵام گرنگ نییە چی بکەن، ئێمە دەستبەرداری بەهاکانمان نابین.

 

"لە ڕیشەی هەموو پرسەکانی ئێستادا پرسی کوردە"

چیگدەم کلچگون ئوچار وتیشێ: وەڵامی سیاسەتەکانی شەڕ و گۆشەگیریمان دایەوە شارەوانیەکان تەنها شوێنی خزمەتکردن نین، بەڵکو لە هەموو بەشەکانی جیهاندا نموونەن، دەسەڵاتە هەژمونییەکان لێی دەترسن ژیانی هاوبەشی ڕۆژئاوا لە هەموو شوێنێکدا زیندوو دەکەینەوە، ناتوانن بە پلانی شکست و حوکمڕانی و شەڕ پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردستان تێک بدەن، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی چالاکییەکەدا بە وردی پانکارتەکانمان دەگەڕێن و ڕێگە بە بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەدەن لە شارەکانماندا، هەموومان تورکیایەکی بێ ئاکەپە-مەهەپەیان دەوێت، لە ڕیشەی هەموو پرسەکانی ئێستادا پرسی کوردە.

 

هەروەها تیشکی خستەسەر گۆشەگیریی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و وتی: ماوەی ٤١ مانگە هیچ زانیارییەکی لێ وەرنەگیراوە، ئازادی فیزیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چارەسەری دیموکراسیانەی کێشەی کورد گرنگە، حکومەت پێویستی بەو ڕێبەرە هەیە، چونکە کاریگەری لەسەر گەلی تورکیا هەیە، لە لایەکی ترەوە حکومەتی ئاکەپە لە تابلۆی "پیادە یەکەم" دەترسێت کە شارەوانییەکانمان لەسەر شەقامەکان نووسیویانە، لە چی دەترسی؟ بە دروشم هێرش دەکەنە سەر کورد، هەوڵی تاوانبارکردنیان دەدەن.

 

کاتێک چیگدەم کلچگون ئوچارلە وتارەکانیدا باسی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکرد، زۆرجار وتارەکەی بە دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" دەوەستاند، دوای وتارەکان، هەڵبژاردنێک بەڕێوەچوو و جاندان یاڤوزەر و محەمەد ئۆزجان وەک هاوسەرۆکی دەبەپەی دیلۆک هەڵبژێردران.

 

کۆنگرە بە هەڵپەڕکێ و گۆرانی کوردی کۆتایی هات.