چۆن ژنان بە هێزی عەقڵ و ناسینی خود ڕێگری لە فریودانی سۆزداری دەکەن؟
لە سەردەمێکدا کە فێڵە دەروونییەکان ڕووی جیاواز وەردەگرن، ژنان چیتر تەنها بینەر نین، بەڵکو بە چەکی زانیاری و متمانەبەخۆبوون ڕووبەڕووی هەر هەوڵێکی فریودان دەبنەوە، ڕێگە نادەن وێنای ساختەی عەشق و بەڵێنە بێ بنەماکان بیانوویەک بێت بۆ هەراسانکردنیان.
شیا كۆیی
کۆیە_لەم دواییانەدا، دیاردەیەکی مەترسیدار و نامۆ بە بەها مرۆییەکان لە نێو جومگەکانی کۆمەڵگەدا سەری هەڵداوە، کە تێیدا هەندێک لە پیاوان سۆز و عاتیفەی پاکی ژنان وەک کەرەستەیەک بۆ تێرکردنی ئارەزووە سێکسییە کاتییەکانیان بەکاردەهێنن. ئەم ڕاوچییە دەروونییانە لە پشت پەردەی سەرنجڕاکێشی وەک بەڵێنی هاوسەرگیری و دروستکردنی ژیانی هاوبەشەوە، داو بۆ ژنان دەچێنن و دوای بەدەستهێنانی مەرامەکانیان، قوربانییەکان لە نێو زەریایەک لە خەمۆکی، گۆشەگیری و ترسی کۆمەڵایەتی تەنیا دەهێڵنەوە. ئەم ڕەفتارە نەک تەنها تێکدانی شیرازەی خێزانە، بەڵکو تیرۆرکردنی سپێتی و متمانەی مرۆڤەکانە کە پێویستی بە هەڵوەستەیەکی جددیی پەروەردەیی و یاسایی هەیە.
ناز خەیرەدین، سەبارەت بەم بابەتە ڕایگەیاند:بەهۆی ئەوەی ساڵانێکە لەناو ژناندا کار دەکەم و لە نزیکەوە بەرکەوتنم لەگەڵیان هەبووە، ئاگاداری ئەو توندوتیژیانەم کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، یەکێک لە دیارترینەکانیشیان فریودانی ژنانە لەلایەن پیاوانەوە.
زۆربەی کات هەندێک پیاو هەوڵی نزیکبوونەوە لە ژنانی گەنج و ژنانی خاوەن هاوسەر دەدەن، ئەمەش لەپێناو چەند مەبەستێکی تایبەت؛ یان بۆ دەستکەوتی مادی، یان تەنیا بۆ پڕکردنەوەی ئارەزووەکانیان و کات بەسەربردن. زۆرجار لە ڕێگەی بەڵێنی درۆینەی هاوسەرگیرییەوە دەچنە پێشەوە، بەتایبەت ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین و ژن وەک ئامرازێک بۆ وەرگرتنی مافی مانەوە (ئیقامە) و ڕاییکردنی کارەکانیان بەکاردەهێنن و دواتر وازیان لێ دەهێنن. ئەم ڕەفتارانە ژنەکە ڕووبەڕووی کێشەی قووڵ دەکاتەوە و برینێکی وەهای لە ناخدا دروست دەکات کە سارێژبوونی ئەستەمە؛ ئەگەرچی ڕەنگە کاریگەرییەکان جەستەیی نەبن، بەڵام دەرەنجامە دەروونییەکان زۆر وێرانکەر و مەترسیدارن.
"کۆمەڵگە ژنان تاوانبار دەکەن"
لە درێژەی قسەکانیدا ناز خەیرەدین وتی: لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا، ئەم دیاردەیە بە شاراوەیی دەمێنێتەوە و زۆرجار وەک توندوتیژی سەیر ناکرێت، خەڵک وا دەڵێن کە ژنەکە خۆی لە سەرەتاوە بەو پەیوەندییە شاراوەیە ڕازی بووە. بۆیە هیوادارم ژنان چاوکراوەتر بن و کاتێک لەناو خێزانەکانیاندا ڕووبەڕووی گرفت یان بێبەشبوون لە سۆز دەبنەوە، نەکەونە هەڵەوەو پێش ئەوەی تووشی ناخۆشی ببن، باشتر بیر بکەنەوە.
سەبارەت بەو حاڵەتانەی کە لە پەیوەندییەکەدا سێکس ڕوو دەدات، ناز خەیرەدین وتی: لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا بەمە دەوترێت ،کار لە کار ترازین و لێرەوە کارەساتەکە بۆ ژنەکە قووڵتر دەبێتەوە؛ چونکە کۆمەڵگە بەزەیی بەو کەسانەدا نایەتەوە و لەناو هەندێک خێزاندا لێکتێگەیشتن زەحمەتە و پەنا بۆ کوشتنی ژنەکە دەبرێت. هەندێک جار خودی قوربانییەکە بەرگەی توانج و ناڕەزایەتییەکانی دەوروبەر ناگرێت و پێش ئەوەی ڕووبەڕووی خێزانەکەی ببێتەوە، خۆی ئازار دەدات یان کۆتایی بە ژیانی دەهێنێت، کە ئەمەش خراپترین چارەسەرە بۆ گرفتەکان، هەندێک کات ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بپەرژێنە سەر چارەسەرکردنی کێشەکە، بۆیان ناکرێت، چونکە هەموو شتێک لە دەستی خێزانەکاندایە و بەداخەوە لەم بابەتانەدا زۆر توندن. هەروەها لایەنی ئاینیش ڕێگری لەم جۆرە پەیوەندییانە دەکات کە ئەمەش ڕەهەندێکی دیکەی بابەتەکەیە. ئێمە زۆرجار هاوکار و پاڵپشتیان دەبین، بەڵام ئەو کەسانە لە دەروونیاندا برینێکی قووڵ دروست دەبێت کە سارێژبوونی زۆر ئەستەمە.
"جوانی و پلە و پایە هۆکارێکی دیکەی فریودانی ژنانن"
حەبیبە نادر، مامۆستای زانکۆ، سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت: ئەو توندوتیژیانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لەلایەن ڕەگەزی بەرامبەرەوە، زۆرجار بەهۆی جوانیی کەسەکە، باری دارایی، یان بەرزیی پێگەی کۆمەڵایەتیی ژنەکەوەیە. بەهۆی بێکاری و خراپیی باری دارایی گەنجان، هەندێکیان بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە پەنا دەبەنە بەر فریودانی ژنانی گەنج. ئێمە لەناو زانکۆ ڕۆژانە ئەم دیاردانە دەبینین؛ ئەو گەنجانە هەوڵ دەدەن خاڵە لاوازەکانی کچەکە بدۆزنەوە و لەو ڕێگەیەوە فریوی بدەن. ئێمە وەک مامۆستایان هەمیشە ئامۆژگارییان دەکەین کە پارێزگاری لە خۆیان بکەن. هەندێک جاریش خێزانەکان هۆکارن، چونکە پەروەردەکردنی منداڵ قورستر بووە و گەنجان لەبری گوێڕایەڵی و گرنگیدان بە خۆیان، هەموو ژیانیان بووەتە سۆشیال میدیا؛ بە جۆرێک ئەگەر ڕۆژێک ئینتەرنێتیان نەبێت، تووشی بێزاری دەبن، زۆربەی کێشەکانیش هەر لەوێوە دەست پێدەکەن.
بێگەرد لاوە، دەرچووی زانکۆی کۆیە وتی: بێگومان ڕۆژانە گوێبیستی جۆرەها توندوتیژی دەبین کە لەلایەن پیاوانەوە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، یەکێک لەوانە فریودانی کچان و ژنانە بە ناوی هاوسەرگیری یان هەر شێوازێکی دیکە بۆ گەیشتن بە مەرامەکانیان. ئامۆژگاریی من بۆ ژنانی گەنج ئەوەیە کە فریوی ئەم جۆرە کەسانە نەخۆن و چاوکراوەتر بن. پێویستە ژنان خۆیان بەرەو پێش ببەن و سەرکەوتنەکانیان بکەنە ئامانج، نەک ڕێگە بدەن کەسێک بێتە ژیانیانەوە و داهاتوویان وێران بکات.
"پێویستە زیاتر هۆشیار بین"
مینا ئەحمەد، خوێندکاری زانکۆی کۆیە، سەبارەت بەم بابەتە وتی: بەداخەوە ئێستا فریودانی ژنانی گەنج لە زیادبووندایە، بۆیە پێویستە زیاتر هۆشیار بین و خۆمان پێبگەیەنین تا فریو نەخۆین، پێگەی ژنان زۆر لەوە پیرۆزترە کە بەهۆی کۆمەڵێک شتی لاوەکییەوە داهاتووی خۆمان بخەینە مەترسییەوە. نابێت کەسایەتی خۆمان لە ئاستی ئەو جۆرە کەسانەدا ببینینەوە، بەڵکو دەبێت شارەزاییەکمان هەبێت لە ناسینەوەی ئەو پیاوانە و کار بۆ ڕوشنکردنی داهاتوومان بکەین.
پارێزەر خەندە ئازاد ساڵح، سەبارەت بە ڕەهەندە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم بابەتە وتی: هەرچەندە ئەم دیاردەیە لە ڕابردووشدا هەبووە، بەڵام بەداخەوە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ڕوو لە هەڵکشاندایە، هۆکارە دیارەکانی ئەم گەشەکردنەش بریتین لە کرانەوەی کۆمەڵگە، کاریگەریی سۆشیاڵ مێدیا و بەهەند وەرنەگرتنی بابەتە جدییەکان. ئێمە وەک پارێزەران، بەهۆی سروشتی کارەکەمانەوە، زیاتر بەر ئەم حاڵەتانە دەکەوین و دەبینین کە هۆکاری شاراوەمانەوەی ئەم کێشانە دەگەڕێتەوە بۆ ترسی قوربانییەکان لە کەسوکار، هاوڕێیان و کاردانەوەی کۆمەڵگە، فریودان بۆ کاری سێکسی زۆرجار لەژێر ناوی بەڵێنی هاوسەرگیرییەوە ئەنجام دەدرێت یان بۆ دەستکەوتنی ماڵ و سامان و بەکارهێنانی ژن بۆ بەرژەوەندیی داراییە و هەندێک جاریش بۆ گەیشتن بە کەسانی دیکەیە لە ڕێگەی بەکارهێنانی ژنەکەوە وەک پردێک بۆ ناسینی کەسانی تر هەروەها یاسا لە ڕێگەی چەندین ماددە و بڕگەوە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئەم دیاردەیەی داوە لەوانە ماددەی ٣٩٥ لە یاسای سزاکانی عێراقی کە دەڵێت "هەر کەسێک لەگەڵ ئافرەتێکی سەروو ١٨ ساڵ سەرجێی بکات بە بەڵێنی هاوسەرگیری و دواتر لە بەڵێنەکەی پەشیمان ببێتەوە سزا دەدرێت" بە بەندکردن کە لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت هەروەها بەپێی ماددەی ٣٩٣ لە یاسای سزادانی عێراقی ئەگەر "تاوانکار کرداری سێکسی لەگەڵ ئافرەتێک ئەنجام دابێت جا ئافرەتەکە ڕازی بووبێت یان نا ئەوا سزاکەی قورستر دەبێت"، بەپێی یاسای سزادانی عێراقی سێکس کردن لەگەڵ ژنێکدا بەبێ ڕەزامەندی خۆی سزای قورسی بۆ دانراوە و سزای سەرەکیش بریتییە لە بەندکردنی هەتاهەتایی یان کاتی بۆ هەر کەسێک کە ئەم تاوانە ئەنجام بدات هەروەها سزاکە قورستر دەبێت ئەگەر قوربانییەکە تەمەنی لە هەژدە ساڵ کەمتر بێت یان تۆمەتبارەکە خزمایەتی تا پلەی سێهەمی هەبێت یان سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بێت یان ئەگەر تۆمەتبار پزیشک و پیاوی ئایینی بێت و پلەکەی بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە بەکاربهێنێت و لە حاڵەتی بەشداربوونی دوو کەس و زیاتریشدا سزا توندتر دەبێت بەتایبەت ئەگەر قوربانییەکە تووشی نەخۆشی زایەندی یان دووگیانی ببێت و ئەگەر تاوانەکەش بگاتە گیانلەدەستدان ئەوا سزا دەبێتە لەسێدارەدان یان هەتاهەتایی و لە کاتی کچ بوونی قوربانییەکەشدا دادگا بڕیاری قەرەبووی گونجاوی بۆ دەدات لە لایەکی دیکەوە ئەگەر تاوانەکە لە ڕێگەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنەوە وەک سۆشیال میدیا و بە مەبەستی پارە وەرگرتن یان هەر مەبەستێکی تر بێت ئەوا بەپێی یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن سزا دەدرێت بە بەندکردن لە شەش مانگ تا پێنج ساڵ و سزای دارایی لە یەک ملیۆن تا پێنج ملیۆن دینار لەگەڵ مافی داواکردنی قەرەبووی ماددی و مەعنەوی.
پارێزەر خەندە ئازاد ئاماژەی بەوەکرد، زۆربەی کات ژنانی زیانبەرکەوتوو خۆیان بەدوور دەگرن لە تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی بەهۆی ترسیان لە کاردانەوەی توندی کەسوکارو قسەو قسەڵۆکی کۆمەڵگە و تێکچوونی ناوبانگیان یان بەهۆی نەبوونی متمانەی تەواو بە نهێنی پارێزی لە لایەن دامەزراوەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاکانەوە ناوبراو باس لە دوو نموونەی بەرچاو دەکات کە وەک پارێزەر کاری لەسەر کردوون یەکەمیان کچێکی گەنج بووە کە کەسێک بە ناوی هاوسەرگیرییەوە متمانەی بەدەستهێناوە و دواتر بۆ تێرکردنی ئارەزووی خۆی دەستدرێژی کردووەتە سەری و دووەمیشیان ژنێکی هاوسەردار و خاوەن دوو منداڵ بووە کە کەسێک بە پلان هەوڵی نزیکبوونەوەی لێ داوە بە مەبەستی کاری نەشیاو و زەوتکردنی سامانی بەڵام سەرەڕای ترسێکی زۆر توانیویانە قایلی بکەن کە سکاڵا تۆمار بکات و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتبارەکە بگرنە بەر.
وتیشی: من وەک پارێزەر و ژن داوا لە هەموو ژنێک خۆیان بەدوور بگرن لە کەسانی نەناسراو یاخود ناسراوی خراپ هەروەها سنوور هەبێت، لەگەڵ هەموو کەسێک بە تایبەت کەسانی بێگانە، هەروەها مۆبایل و سۆشیال مێدیا بە ووریایی و ئاگاییەوە بەکاربهێنن و ووریا بن لەوەی بەقسەی کوڕان و پیاوان فریو نەخۆن، ئەگەریش هەر تاوانێکیش بەرامبەریان ئەنجامدرا نەکەن پەنا بۆ خۆکوشتن و ئازار گەیاندن بەخۆیان بدەن، چونکە هەموو شتێک چارەسەری هەیە، دەکرێت سەرەتا خۆی لەم کەسە خراپە بەدوور بگرێت خوی لێ وون بکات و بلۆکی بکات لە هەموو شوێنێک لەو شوێنانەی کە پێشتر پەیوەندی لەگەڵی گرتووە، ئەگەر ئەمانەش سودی نەبوو ئەوا دەکرێت باسی بابەتەکە بکرێت لای کەسێکی نزیک کە بتونێت ئەم بابتە قەبوڵ بکات و پاڵپشتت بێت، دەکرێت ئەو کەسە قسە لەگەڵ کەسی تۆمەتبار بکات، ئەگەرنا تۆمارکردنی سکاڵا بژاردەیەکی باشە بۆ سزادانی کەسی تاوانکار، باشترین شتیش کە بتوانن بیکەن ڕاوێژ کردنە بە پارێزەر، و پێشم وایە ئەگەر چەند کەسانێکی تۆمەتباری لەم شێوەیە سکاڵا لە دژیان تۆمار بکرێت و سزا بدرێن ئەوا ئەم حالەتانە زۆر کەمتر دەبنەوە، چونکە یەکێک لە مەبەستەکانی سزا بریتیە لە بەخۆداهاتنەوەی کەسی تاوانکار و تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگەش.