"چارەسەری قەیرانی سووریا بە گفتوگۆی گەلی سووریا بەدی دێت"

سۆزدا ئەحمەدی ڕۆژنامەنووس دووپاتیکردەوە، چارەسەری ململانێی سووریا لە ناوخۆی سووریا لەگەڵ گەل بەدی دێت وتی: گفتوگۆ لەگەڵ دەرەوەی سووریا چارەسەری قەیرانی ئێستا ناکات، بەپێچەوانەوە ئەو قەیرانە درێژتر و قووڵتر دەبێت.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، لەم دواییانەدا لەبەردەم میدیاکان دەرکەوت و ڕایگەیاند کە ئامادەیە لەگەڵ حکومەتی شام و بەشار ئەسەد کۆببێتەوە، بەشار ئەسەد ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەو مەرجەی سووریا بەجێبهێڵێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر وەزارەتی دەرەوەی سووریا سەرنجی بۆ گرنگی کشانەوەی سوپای داگیرکەری تورکیا لە خاکی سووریا ڕاکێشا، ڕۆژنامەنووس سۆزدا ئەحمەد بۆچوونی خۆی لەسەر ئەو پرسە باسکرد و ڕایگەیاند، پێویستە قەیرانی سەر خاکی سووریا لەناوخۆ لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت.

 

"گەلی سووریا ١٢ ساڵە لە ناو شەڕ، جینۆساید، بەرخۆدان و کۆچدا دەژین"

سۆزدا ئەحمەد ڕایگەیاند، ١٢ ساڵە گەلی سووریا لە شەڕ و سەختی و داگیرکاری و کۆمەڵکوژیدا دەژین بۆ ئەوەی ژیانێکی ئازاد و یەکسان بژین و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ململانێ لە سووریا تا دێت زیاد دەکات، گەل دەیەوێت ژیانێکی ئازاد و یەکسان بە ناسنامە و سەروەت و سامان لەسەر خاکەکەی بژی، بەڵام بە دەستوەردانی هێزەکانی هەژموون و وڵاتانی دەرەوە بە ئامانجی سوود وەرگرتن لەسووریا و داگیرکردنی خاکەکانی، ئەم ململانێیە قووڵتر بووەوە.

 

"لە خاکە داگیرکراوەکاندا کردەوەی نامرۆڤانە و بێڕەوشتی ئەنجام دەدرێت"

سۆزدا ئەحمەد تیشکی خستەسەر سیاسەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە دژی گەلی سووریاو وتی: لە سەرەتای شەڕەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ناوەڕاستی هێرشەکاندا بووە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری دیمۆگرافی و کۆمەڵکوژکردنی دانیشتووانی ڕەسەن، ئەمڕۆش کردەوەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە قۆناغی دووەمدا بەردەوامە و گەلی سووریای کردووەتە ئامانج لە عەفرین، سەرێکانی، گرێ سپی، عەزاز، باب، جەرابلوس و ئیدلب، کردەوەی نامرۆڤانە لە دژی گەلەکەی ئەنجام دەدات.

 

"دەبێت حکومەتی شام بەرخۆدان و خەباتی گەلی سووریا لەدژی داگیرکاری ببینێت"

سۆزدا ئەحمەد ڕایگەیاند، چارەسەری قەیرانی سووریا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە نییە و وتی: دوای ئەوەندە ساڵ لە ململانێ لە سووریا و ئەو پێشێلکاریانەی دەوڵەتی تورکیا بەسەر گەلی سووریا ئەنجامی دا، ئەمڕۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەوڵ دەدات لەگەڵ حکومەتی سووریا کۆببنەوە و ڕێککەوتن لەسەر ململانێی ئێستا بکەن، لێرەدا دەکرێت بڵێین دەوڵەتی تورک هۆکاری قووڵبوونەوەی قەیرانی سووریایە، جینۆساید، ئاوارەبوون، وێرانکاری و تاڵانکردن دەرەنجامی ئەو قەیرانانەن، چۆن چارەسەرێک بۆ ململانێی سووریا دەدۆزێتەوە؟ حکومەتی سووریا چۆن ئەمە قبوڵ دەکات و بەرخۆدانی گەلی سووریا لە بەرامبەر داگیرکاری و ئەو تاوانانەی کە دەوڵەتی تورکیا بەرامبەریان ئەنجامداوە، لەبەرچاو ناگرێت؟ بارودۆخەکە هەرچییەک بێت، با حکومەتی سووریا ئەم هەنگاوە قبوڵ نەکات و بە ڕێزەوە لە گەلەکەی نزیک بێتەوە کە ساڵانێکە بە ئیرادەی ئازادەوە خەبات و بەرخۆدانیان نیشانداوە.

 

"خۆبەڕێوەبەری داوای گفتوگۆ دەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە"

سۆزدا ئەحمەد لە کۆتاییدا وتی: دەوڵەتی تورکیا و هەموو وڵاتانی دەرەوە ناتوانن کێشە و ململانێی سووریا چارەسەر بکەن، چارەسەر لەلای گەلی سووریایە، لەگەڵ گفتوگۆی نێوان هێزەکانی سووریا ئەگەر حکومەتی دیمەشق و ئیدارەی خۆسەر کۆببنەوە و گفتوگۆ بکەن بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک، بزانن هەموو نەتەوەیەک مافی ئەوەی هەیە بە ئازادی لەسەر ئەم خاکە بژی ناوچە داگیرکراوەکان ئازاد بکرێن و کۆچبەران بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ژیانێکی ئازاد و ئاسایی بژین، بەم شێوەیە چارەسەرەکە دەکرێت هەروەها خۆبەڕێوەبەری چەندین جار ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ شام، بەڵام شام هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ ئەمە نەناوە بۆیە ئەگەر حکومەتی شام بەڕاستی چارەسەری دەوێت، پێویستە بزانێت کە چارەسەر لە ناوخۆی سووریادایە نەک لە دەرەوە.