چالاکوانانی مافی مرۆڤ داوا دەکەن هەڵوێست بەرامبەر سەركوتكردنی بەهاییەكان نیشان بدرێت
گرووپێک لە چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە ئەڵمانیا لەبارەی سەرکوتکردنی هاوڵاتییان و ژنانی بەهایی لە ئەسفەهان لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لە نامەیەکدا داوا دەکەن هەڵوێست بەرامبەر سەركوتكردنی بەهاییەكان نیشان بدرێت.

ناوەندی هەواڵ
گرووپێک لە چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە ئەڵمانیا لەبارەی سەرکوتکردنی هاوڵاتییان و ژنانی بەهایی لە ئەسفەهان لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە نامەیەکیان ئاڕاستەی مارتن هۆرن، سەرۆکی شارەوانی فرایبورگ و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەکەیان کرد.
لە نامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، سەڵاتدارانی ئەسفەهان نەک هەر لە بەرامبەر ئەم کارانەدا بێدەنگ بوون، بەڵکو لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و هەواڵگریەکانیش هاوکاریی دەکەن بۆ سەرکوتکردنی بەهاییەکان.
لە مانگی رابردوودا ١١ ژنی بەهایی لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە زیندانیی کران، جگە لە زیندانیکردن ڕووبەڕووی قەدەغەکردنی چوونە دەرەوەی وڵات و سزای دارایی و بێبەشبوون لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان بوونەوە.
ماوەی ٢٥ ساڵە ڕێککەوتننامەی خوشکایەتی نێوان هەر دوو شارەکە فرایبورگ و ئەسفەهان کراوە، هەربۆیە نامە ئاڕاستەی سەرۆکی شارەوانی فرایبورگ و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەکە کرا.