۲٤۹ ژن زیان بەرکەوتووی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێرانن

بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی سی پی تی، لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتانی تورکیا و ئێران، ٤۲٥ هاوڵاتی سڤیل شەهید بوون.

سلێمانی


پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆتێل ڕۆتانای شاری سلێمانی، تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داتا و ئامار و زانیارییەکانی لەشکرکێشیی و داگیرکارییەکانی سوپای تورکیا و ئێران لە سەر هەرێمی کوردستانی لە ۱ی کانوونی دووەمی ۱۹۹۱ بۆ ۳٠ی حوزەیرانی ۲٠۲٤، خستەڕوو. 


لە کۆنگرەکەدا، ڕێکخراوی سی پی تی، ئاماژەی بەوەدا، بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێرانەوە ٨٤٥ كەس برینداربوون یان گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیە ٧٠٢ كەسیان لەلایەن توركیاوە بوون و ١٤٣ کەسیشیان لەلایەن ئێرانەوە بووە

 

لە ڕاپۆرتەکەشدا هاتووە، لەو ٧٠٢ كەسەی كە لە ئەنجامی هێرشەكانی توركیاوە بوونەتە قوربانی، ٣٤٤ هاوڵاتی شەهیدبوون و ٣٥٨ هاوڵاتیش برینداربوون، هەروەها لە ئەنجامی هێرشەكانی ئێران ٨١ كه‌س شەهیدبوون و ٦٢ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.

 

ئەوەش خرایەڕوو، وەک هەموو هێرش وداگیرکاریەکانی دیکە، ژنان و منداڵانیش بێبەش نین لە زیانەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر، بە گوێرەی ئامارەکان دەریدەخەن، لەو ژمارانە ١٩٤ قوربانییان منداڵن و ٢٠٤ قوربانییان ژنن، هەروەها ١٨ كەسیان گومان دەکرێت قوربانی بن بە چەكی كیمیایی، هەروەها زیاتر لە ١٧٠ گوندی هەرێمی کوردستان بەهۆی لەشكركێشییەكانی تورکیا و ئێرانەوە چۆڵكراون”.


لە کۆتاییدا داواکارییەکانیان خستەڕوو، تێیدا ئاماژەیان بە گەڕانەوەی مافەکانی مرۆڤ کرد و ڕایانگەیاند، هەبوونی هێرش و بۆردوومانکردنەکان دوور لە مافەکانی مرۆڤن، "داواکارین مافی هاوڵاتیانی سڤیل بدەن و بتوانن ژیان بکەن لە ماڵەکانی خۆیاندا هەڵنەکوتنە سەریان، هەروەها قەرەبووی تەواوی خێزانە زیان بەرکەوتوەکان بکرێتەوە و دوبارە بتوانن لە زێدی خۆیاندا ژیان بکەن".