بە بۆنەی جەژنی زمانی کوردیەوە زنجیرەیەک چالاکی پێشکەش کرا

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی جەژنی زمانی کوردی پیرۆز کرا و مامۆستایەکی زمانی کوردی، دەڵێت " ئێمە بە زمانی خۆمان سەربڵندین، دەبێت بە زمانی خۆمان بدوێین و بیپارێزین"

سلێمانی

 

ئێوارەی ئەمڕۆ لە پارکی هەواری شار لە شاری سلێمانی فێستیڤاڵێک بۆ بەرز ڕاگرتنی جەژنی زمانی کوردی لەلایەن پەیەدە و گەنجانی ڕۆژئاواوە بەڕێوە برا، کە ساڵانە لە ١٥ی  ئایاردا لە کوردستان بەرز ڕادەگیرێت

 

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستی پێکرد، دواتر چەند وتارێک لە بارەی گرنگی و ڕۆڵی زمانی کوردی لەسەر هەبوون و شووناسی گەلی کورد لەلایەن بێریڤان محەمەد، نوێنەری پەیەدە پێشکەش کرا.

 

لە درێژەی مەراسیمەکەدا، چەندین گۆرانی و چالاکی هونەری کوردیی پێشکەشکرا و چالاکییەکە بە هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.

 

"زمان ناسنامەی ئێمەیە"

شیرین حسێن، مامۆستای زمانی کوردی، لە بارەی زمانی کوردییەوە وتی: جەژنی زمانی کوردی لە هەموو کورد و کوردستان پیرۆز دەکەم، چونکە ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر گرنگە، ئێمە بە زمانی خۆمان سەربڵندین، دەبێت بە زمانی خۆمان بدوێین، وە دەبێت زمانی خۆمان بپارێزین. من وەک مامۆستایەکی زمانی کوردی زۆر سەربەرزم بە زمانەکەم و هانی هەمووان دەدەم بە زمانی خۆمان قسە بکەن، بە دڵخۆشیەوە منداڵانیش فێر دەکەم بە زمانی کوردی بدوێن. چونکە زمان ناسنامەی ئێمەیە و بێ زمان ژیان نابێت، خێزانیش یەکەم ناوەندی فێر بوونە بۆ منداڵ و ژنان ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە لە هاندانی منداڵەکانیان بۆ ئەوەی بە کوردی بدوێن.