"بیردۆزی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەری ڕزگاری مرۆڤایەتییە"

ماجیدە حەسون، ئەندامی كۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار ڕایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجالان سەرچاوەی چارەسەر و دەرمانە بۆ نەخۆشییەکانی سەردەم و وتی: ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەری لەناوچوونی سیستمە باڵادەستەکانە.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵڵا ئۆجالان ٢٦ ساڵە لە زیندانی دوورگەی ئیمرالیە لە ژێر گۆشەگیریدا زیندانی کراوە. ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ هەڵمەتی جیهانی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لە ٧٤ وڵاتی جیهان دەستیپێکرد، ئەم هەڵمەتە پێدەنێتە ساڵێکەوە، سیستمی جینۆساید و ئەشکەنجەدان لە ئیمرالیە خراوەتە بەرنامەی کاری جیهان.

 

لەو چوارچێوەیەدا، ماجیدە حەسون، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی فورات لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەنگاوی ئازادی جەستەیی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەندوڵڵا ئۆجالان هەڵسەنگاند.

 

"بیردۆزی ڕێبەر ئاپۆ بووەتە جیهانیی"

 لە سەرەتای لێدوانەکانیدا، ماجیدە حەسون سەرنجی بۆ ئەو پیلانگێڕییە ڕاکێشا کە بیری ئۆجالانی کردە ئامانج و وتی: چەند ساڵێکە گۆشەگیرییەکی ڕەها لەسەر ڕێبەر ئاپۆ هەیە، سەرەڕای هەوڵی زۆر، داواکاریی بنەماڵە و پارێزەران، چالاکی و ناڕەزایەتییەکان کە ڕوویاندا، دەوڵەتی تورکیا دەستی لە سیاسەتی خۆی بەرنەدا، هەر بۆیە ئێستا لە بارودۆخی نازانین، دەتوانین ئەمە وەک ئەشکەنجە و پێشێلکردنی ڕەواترین مافەکانی ڕێبەر ئاپۆ وەربگرین، ئێمە وەک ژنان ئەو سیستمەی لە زیندانی ئیمرالیە جێبەجێ دەکرێت بە دابڕانێک لە ئازادی ژن و پڕۆژەکەی دەزانین، لە هەمان کاتدا بە دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ، ئەو گەلەی لە دەوری بیری ئازادی کۆدەبنەوە، پەروەردە وەردەگرن و جێبەجێی دەکەن، کەس ناتوانێت نکوڵی لەوە بکات کە ئایدۆلۆژیای ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو کاتێک زیاتر جیهانی بووە، لە دەرەوەی گەلی کورد، دەبینین چەندین ڕێکخراو و نەتەوەی جیاواز داوای بیرو و پڕۆژەی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن، بەهۆی ئەمەوە لەگەڵ ئەوەی ئەم ئایدۆلۆژیایە زۆر تەشەنەی کردووە، سیستمی ئەشکەنجەی ئیمرالیەش سەختتر بووە، پێمان وایە ئەو بەرخۆدانەی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمرالیە نیشانی دا سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت، ئەگەر ئەوەندە خەڵک باوەڕیان بە ئایدۆلۆژیای ئەو هەبێت و بۆی تێبکۆشن بە دڵنیاییەوە پیلانەکە شکست دەهێنێت.

 

"کلیلی چارەسەر لە ئیمرالییە"

 ماجیدە حەسون ئاماژەی بەوەکرد، ئەوانەی داوای ئازادی جەستەیی ئۆجالان دەکەن باوەڕیان بە ئایدۆلۆژیاکەی هەیە و خۆشەویستی ڕێبەر ئاپۆ ئەوەندە قووڵە کە وەڵامی هەموو کێشەکانی بەشەکانی کۆمەڵگەیە بۆ منداڵان و ژنان و گەنجان، بەتایبەت پڕۆسەی جەنگی جیهانی سێیەم کە ئێستا ئەزموونی دەکەین، ڕوونە کە سیستمی ئێستا مایەپووچ بووە و لەبری وەڵامدانەوەی ململانێکان، قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە، لە هەلومەرجێکی وادا مرۆڤایەتی بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێت، واتە سیستمێکی ئەڵتەرناتیڤ، ئایدۆلۆژیایەک کە بتوانێت چارەسەرێک بێت بۆ هەموو کێشەکانی ناو سروشت و واقیع، لەم ڕووەوە ئەو پارادایمەی کە ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشی کردووە، کلیلی چارەسەرکردنی هەموو کێشە و نەخۆشییەکانی ئەم سەردەمەیە، پراکتیک و شێواز و ئەنجامی پڕۆژەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاشدا دەردەکەون، ئەم زلهێزە هەژموونخوازانە لە ئێستاوە لە لێواری شکستدان و بە نەهێشتنی ئایدۆلۆژیا و پڕۆژەی ڕێبەر ئاپۆ هەوڵی درێژکردنەوەی دەسەڵاتی خۆیان دەدەن، بۆیە بێدەنگییەکی گەورە بەرامبەر بە بارودۆخی ڕێبەر ئاپۆ هەیە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هیچ هەڵوێستێک نیشان نادەن.

 

"ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ بووەتە ڕۆژەڤێکی جیهانی"

 ماجیدە حەسون ڕایگەیاند، بە هەنگاوی جیهانیی `"ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد'' لایەنگران و ئازیزانی عەبدوڵڵا ئۆجالان کۆبوونەتەوە، گرنگ ئەوەیە کە چەندە نەیارانی بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ هەن، ئەوەندەش هەواداران و ئازیزانیان هەیە، کەسێکی وەک ڕێبەر ئاپۆ کە سەرەڕای هەموو مەرجەکان لە زینداندا دەژی، لە دەرەوە کاریگەرییەکی گەورەی هەیە، هەنگاوی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" سنوورەکانی کوردستانی بەجێهێشت و ئێستا لە ڕۆژەڤی جیهاندایە، هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەبینین کە زۆر کەسی کاریگەر لە کۆمەڵگەدا بەشدارییان لە دەستپێشخەری ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆدا کردووە، ئەم هەنگاوە ئامرازێک بوو بۆ یەکخستنی هەموو خواست و ئامانجەکانمان و ئەنجامدانی کاری هاوبەش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

 

"ئێمە پێشەنگ دەبین لە دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەرمان"

لە کۆتایی قسەکانیدا، ماجیدە حەسون داوای زیادکردنی هەڵمەتەکەی کردو وتی: وەک ژن هەمیشە دەڵێین و دەیکەیی، ژنان پێشەنگ دەبن لە دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و لەناوبردنی سیستمی ئیمرالی، ڕێبەر ئاپۆ، لە کەسایەتی ژنی کورد، پڕۆژەی ئازادی و گۆڕینی ئەو دۆخەی تێیدا دەژین، پێشکەش بە هەموو ژنانی جیهان کرد، ئەم ڕاستییە بۆ هەمووان دیارە، چونکە ئەوانەی دەنگ و هێزی خۆیان بۆ ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ یەکخست، هیوا و خەونەکانیان لەو ئایدۆلۆژیایەدا دۆزیەوە، ئەم هەوڵ و هەنگاوە هاوبەشانە بەرز دەنرخێنین کە بۆ ڕێبەر ئاپۆ نراون، هێشتا داوا لە هەموو خەڵکی ئازادیخوازی جیهان و ئەو کەسانە دەکەین کە باوەڕیان بە بیریڕێبەر ئاپۆ هەیە و بەتایبەت ئەوانەی کە چارەسەر لە ئیمرالی دەبینن، ئەم هەنگاوە بەهێزتر بکەن، مرۆڤایەتی قەرزاری بەرخۆدان و خەباتی ڕێبەر ئاپۆیە لە دژی سیستمی هێزی پیلانگێڕ، پێویستە ئێمە بەم بەرپرسیارێتی و ئەرکەوە مامەڵە بکەین و ڕێبەرمان بە شێوەیەکی جەستەیی ئازاد بکەین.