"بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان لەکاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا تاوانێکە پاساوی نییە"

بەشی ڕاگەیاندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئیدانەی کارە شەڕانگێزانەکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیای کردو وتی: بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان لەکاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا پاساوی نییە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەشی ڕاگەیاندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەربارەی بە ئامانج گرتنی هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووس گولستان تارا و هێرۆ بەهادین لە شارۆچکەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا بەتوندترین شێوە ئیدانەی کارە شەڕانگێزانەکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیای کرد.

 

دەقى ڕاگەیەندراوەکە بەمجۆرەیە:

ڕاگەیاندراوێک بۆ ڕای گشتی

دەوڵەتی داگیرکەری تورک تا ئێستاش لە هەوڵی کپکردنی دەنگی حەقیقەت و نەهێشتنیدایە، دوێنێ هەینی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک لە شارۆچکەی سەیدسادق لە شاری سلێمانی ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەنووسانی کردە ئامانج، بووە هۆی شەهیدبوونی دوو ڕۆژنامەنووس و برینداربوونی چەند ڕۆژنامەنووسێکی دیکە، هەوڵەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ لێدان لە دەستکەوتی گەلان لە ناوچەکەدا بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە، کەسیش لە هێرشەکانیان سەلامەت نییە.

 

ئێمە لە بەشی ڕاگەیاندن، بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو کارە شەڕانگێزانە دەکەین کە دەوڵەتی توک ئەنجامیادا و ئۆتۆمبێلێی کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسیان کردە ئامانج لە کاتێکدا کە ئەرکی پیشەیی خۆیان لە ناوچەی سەیدسادق لە شاری سلێمانی جێبەجێ دەکرد ئەم هێرشە بەربەریانەیە پێشێلکارییەکی ئاشکرای هەموو نۆرم و یاسا نێودەوڵەتییەکانە کە گەرەنتی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان دەکەن و مافی ئازادی ڕادەربڕینیان دەپارێزن بەبێ ترس و هەڕەشە.

 

بەئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسان لەکاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا تاوانێکە کە بەهیچ شێوەیەک پاساو نادرێتەوە و پێشێلکردنی ئاشکرای ئازادیی ڕۆژنامەگەری و هەوڵێکی بەئەنقەستە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ڕاستی و ئەم ڕەفتارە نابەرپرسیارانەیە، هەڵوێستێکی دوژمنکارانەیە دژی ئازادیی ڕاگەیاندن و مافەکانی مرۆڤ.

 

ئێمە لە بەشی ڕاگەیاندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر هاوسۆزی تەواوی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە بوونەتە قوربانی و هەروەها بۆ خێزانەکانیشیان، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە هەڵوێستێکی جددی و بەهیزیان هەبێت بەرامبەر بەم پێشێلکارییە بەردەوامانەی دەوڵەتی تورک.

دروود بۆ شەهیدان.

هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان.

 

بەشی ڕاگەیاندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

٢٤ی ئابی ٢٠٢٤.