بوومەلەرزەکەی ئەفغانستان زیاتر لە هەزار منداڵی کوشت و هۆشداری لە کارەساتی مرۆیی دەدرێت

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان "یونیسێف" دووپاتیکردەوە، کە زیاتر لە هەزار منداڵ گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش زیاتر لە نیوەی کۆی گشتی گیانلەدەستدانی بوومەلەرزەکەیە کە لە کۆتای مانگی ئابدا لە ئەفغانستان ڕوویدا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٣١ی ئابدا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٠ پلە پارێزگاکانی کونار و نەنگەرهار لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانی هەژاند، دواتر چەندین بومەلەرزەی سەختی پاشەکشەی ڕوویدا و هەزاران کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

 

سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" ڕۆژی ١٢ی ئەیلوول لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، کەبوومەلەرزە توندوتیژەکەی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە، لانیکەم ژیانی هەزار و ١٧٢ منداڵی لێکەوتەوە، کە زیاتر لە نیوەی کۆی ژمارەی قوربانیانی کارەساتەکە پێکدەهێنێت.

 

نوێنەری یونیسێف لە ئەفغانستان لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لەلایەن دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند، کە منداڵان زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت، وەک هەمیشە لەم جۆرە کارەساتانەدا ڕووی داوە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەس کە ٢٦٣ هەزاریان منداڵن، مەترسی زیاتریان لەسەرە لە ئەنجامی بوومەلەرزە وێرانکەرەکە و ئەو بومەلەرزانەی کە بەدوایدا دێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، منداڵانی ئەم کۆمەڵگە شاخاوییە دوورەدەستانە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک هەڕەشەی توندتر دەبنەوە، لەوانە برینداربوونی چارەسەرنەکراو، نەبوونی ئاوی پاک و خراپی پاکوخاوێنی، خراپتربوونی بەدخۆراکی، پەکەوتنی خوێندن، و ئەو ناڕەحەتییە دەروونییە توندەی کە بەهۆی کارەساتەکەوە دروست بووە.

 

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕوونی کردەوە، کە ژنانی گەنج بەتایبەتی ڕووبەڕووی مەترسی بەرچاو دەبنەوە، زۆرجار کاتێک ماڵەکان وێران دەبن، ژنانی گەنج یەکەم کەسن کە واز لە خوێندن دێنن لە وڵاتێکدا کە مافی خوێندنیان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاریی بەرچاو دەبێتەوە، هۆشداریشیدا، کاتێک خێزانەکان بژێوی ژیانیان لەدەست دەدەن، ژنانی گەنج زیاتر مەترسییان لەسەرە بۆ هاوسەرگیری منداڵان، وتیشی: تا ئێستا هەنگاو نەگیرێتەبەر، ئەم قەیرانە نایەکسانییەکانی ئێستا قوڵتر دەکاتەوە و بارگرانییەکی ناڕێژەی دەخاتە سەریان، داوای لە خێرخوازان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە لەم ساتەوەختە گرنگەدا لەگەڵ منداڵانی ئەفغانستان بوەستن.

 

قەیرانێک لەناو قەیرانێکدا

نوێنەری کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە ئەفغانستان هۆشداریدا، لەوەی قەیرانێک لە ئەفغانستان هەیە کە نیشانەکەی زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەیە کە لە پاکستانەوە دەگەڕێنەوە لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا.

 

بەگوێرەی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی  دووملیۆن و ٦٠٠ هەزار ئەفغانی لە وڵاتانی دراوسێوە گەڕاونەتەوە و زۆربەیان خۆبەخشانە نەگەڕاونەتەوە، ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە دەگەنە وڵاتێک کە بەدەست هەژاری و وشکەساڵییەوە دەناڵێنێت و پێداویستییە مرۆییەکانی تێدا زۆرە، هەروەها هەندێکیان دەیان ساڵە پێیان لە ئەفغانستان نەناوە و هەندێکی دیکەش لە پەناگە لەدایک بوون و بۆ یەکەمجارە دێن بۆ وڵاتی خۆیان.

 

بەگوێرەی کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستپێکردنەوەی پلانی گەڕانەوەی پەنابەرانی بیانی ناڕێک لەلایەن پاکستانەوە بووەتە هۆی گەڕانەوەی زیاتر لە ٥٥٤ هەزار پەنابەری ئەفغانی لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردووەوە، کە تەنها لە مانگی ئابدا ١٤٣ هەزار پەنابەری ئەفغانی بووە، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە حکومەتی پاکستان کرد کە ڕێبازی مرۆی بەردەوامی خۆی بەرامبەر بە پەنابەرانی ئەفغانستان بپارێزێت.

 

کۆمسیۆنەکە، ڕوونیکردەوە: کە دوای ئەوەی تاڵیبان ڕێگری لە کارمەندانی نیشتمانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ چوونە ناو شوێنی کۆمسیۆنەکە، ناچار بوو چالاکییەکانی خۆی لە ناوەندەکانی پشتیوانی کاش لە سەرانسەری ئەفغانستان بە شێوەیەکی کاتی ڕابگرێت، کۆمسیۆنەکە وتی: بەبێ بودجەی زیادە، ناتوانێت بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی هاوکارییە گرنگەکان بۆ ئەو خێزانە ئەفغانیانەی کە بەدەست قەیرانە ئاڵۆز و خراپترەکانەوە دەناڵێنن.