بۆتان هۆشێ: خوێندنەوە هێندەی نان و ئاو بۆ بیرکردنەوە و گەشەکردن گرنگە
بۆتان هۆشێ، ئەندامی بەڕێوەبەریی گشتی ئەنجومەنی وێژە باسی لە گرنگی خوێندنەوە کردو دەڵێت: مرۆڤ ناتوانێت بە چەند وشەیەک باسی گرنگی خوێندنەوە بکات، وەک چۆن نان و ئاو بۆ ژیان پێویستن، خوێندنەوەش بە هەمان شێوە.
نەغم چاچان
قامیشلۆ– لە سەردەمێکدا کە شاشە زۆربەی کاتەکانی گەنجان دەبات، پەرتوکخانەی شلێر لە قامیشلۆ وەک کەشی ڕۆشنبیری سەرهەڵدەدات و شوێن دەدات بە پەرتوکەکان و دەرگاکانی بەڕووی نەوەی نوێدا دەکاتەوە، پەرتوکخانە ئیتر تەنها شوێنێک نییە کە خەڵک پەرتوکی لێ قەرز بکەن، بووەتە کەشێک کە خوێندکاران و خوێنەران کۆدەکاتەوە، هانی خوێندنەوە دەدات، هەنگاوێک کە بەشدارە لە بونیادنانی کولتووری خوێندنەوە و هۆشیارکردنەوەی نەوە نوێیەکان.
خوێندنەوە مێشک چالاک دەکات و وشەسازی مێشک فراوانتر دەکات و توانای بیرکردنەوەی مێشک بەهێز دەکات، خوێندنەوەی پەرتوک کولتوورێکی زۆر بەنرخە کە مرۆڤەکان چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوە پەروەردە دەکات.
بۆتان هۆشێ، ئەندامی بەڕێوەبەریی گشتی ئەنجومەنی وێژە سەبارەت بە گرنگی خوێندنەوە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.

سەبارەت بە ئامانجی کردنەوەی پەرتوکخانەی شلێر، ئاماژەی بەوەدا، کە ئەمە دەستپێشخەرییەکی خوێندکاری بوو، داوای کرد شوێنێکی تایبەت بۆ خوێندنەوە بکرێتەوە، وتی: ئامانجی سەرەکی کردنەوەی پەرتوکخانەی شلێر لە ناوەندی ئەدەبیاتدا دروستکردنی شوێنێکی تایبەتە بۆ خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە، چەندین پەرتوکی جیاواز لەوێ هەیە، هەروەها دەزگای چاپخانەی شلێر لێرە هەڵکەوتووە، وەک ناوەندێکی ئەدەبی هەوڵ دەدەین هەموو جۆرە پەرتوکێک لێرە دابین بکەین بۆ پەرەپێدان و هاندانی خوێندنەوە.
خوێندنەوە بەردی بناغەی بونیادنانی نەوەیەکی هۆشیارە
بۆتان هۆشێ جەختی لە گرنگی خوێندنەوە بۆ خوێندکاران و پێکهاتەکان کردەوە و وتی: خوێندنەوە تەنها بۆ قوتابیان نییە و تەنها قوتابیان نایەنە ئەم پەرتوکخانەیە، ڕۆشنبیران و نووسەران و منداڵێکی زۆریش دێنە ئێرە، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگ بوو ئەوە بوو کە خوێندنەوە ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی قوتابی خۆی پەرە پێبدات و زانست بەدەست بهێنێت، خوێندنەوە بەردی بناغەی بونیادنانی نەوەیەکی هۆشیارە، ئاسۆی زانست و زانیاری فراوانتر دەکات و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی پەرە پێدەدات و لە هەمان کاتدا کۆمەڵگەیەکی زانا و پێشکەوتوو و ڕێکخراو بونیاد دەنێت، گرنگی خوێندنەوە بە چەند وشەیەک دەرنابڕدرێت و تەنانەت ویستمان پەرتوکی کوردی بۆ قوتابیان دابین بکەین.
”ئێمە هەوڵدەدەین هانی قوتابیان بدەین بۆ خوێندنەوە”

ڕوونیکردەوە کە پەرتوکخانەی شلێر شوێنێکی پارێزراوە بۆ خوێندکاران و وتی: کاتێک کردنەوەی ئەم پەرتوکخانەیە ڕاگەیاندرا، قوتابیان وردە وردە دەستیان بە هاتن کرد، هەروەها قوتابیان لێرە ئارامییەکی زۆر دەبیننەوە بۆ خوێندن، لە هەمان کاتدا شوێنێکی پارێزراوە و ڕۆژانە دەیان قوتابی دێنە پەرتوکخانەکە، هەوڵدەدەین قوتابیان ڕێکبخەین لەپێناو بونیادنانی داهاتوویەکی باشتر و تاکێکی ڕێکخراو.
”ئاواتی ئێمە ئەوەیە کە قوتابیان سەرکەوتوو بن لە خوێندن و داهاتوویان”
بۆتان هۆشێ داوای لە گەنجان کرد، کە خەریکی خوێندن بن و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: زۆرێک لەو کەسانەی سەردانی ئەم شوێنە دەکەن جگە لە خوێندن سەرقاڵی شتی تر بوون، لەگەڵیان گفتوگۆمان کرد و وتمان لێرە سیستەمێک هەیە، شوێنێک بۆ خوێندن هەیە و پێویستە زیاتر سەرقاڵی خوێندن بن، ئاواتی ئێمە ئەوەیە کە قوتابیان سەرکەوتوو بن لە خوێندن و داهاتوودا، بەو پێیەی سبەی ئەم گەنجانە سەرکردایەتی داهاتوو و کۆمەڵگەکەمان دەکەن، پێویستە گەنجان زانستییان زیاتر بکەن، هەمیشە لێکۆڵینەوە بکەن و بخوێننەوە.