"بڵێسەی نەورۆزی ئەمساڵ دەبێتە بڵێسەی ئازادی و ئارامی"
فیروزە زۆگورلی جەختی لەوەکردەوە کە گەل پاشەکشە ناکات سەرەڕای ئەو ئازار و ستەمانەی کە ساڵانێکی زۆرە بەردەوامە.

مەدینە مامەد ئۆغلو
ئامەد - گەلی ئامەد لە باکووری کوردستان، ئەمساڵ بە دروشمی "نەورۆز بۆ ئازادی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" پێشوازی لە ٢١ی ئادار دەکەن، و لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژن، بڵێسەی نەورۆز لە زۆر شوێنی شارەکە دەستی بە درەوشاوەیی کردووە.
هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی نەورۆز، یەکەمین ئاگر لە شاری ئامەد لە لیجە لە ١٢ی ئاداردا داگیرسێندرا، گەلی ناوچەکە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە بەردەوام بوون لەسەر ئەم نەریتە بە داگیرساندنی ئاگری نەورۆز هەموو ساڵێک سەرەڕای ئەوەی تووشی دەستگیرکردن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ دەبن.
فیروزە زۆگوڕلی، کە لە گوندی فیس سەر بە لیجە لەدایک بووە و گەورە بووە، ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا بەهۆی سەرکوتی حکومەتەوە ناچار بوو ڕوو لە ئامەد بکات، وتی: سەرەڕای ئەو هەموو زوڵمەی کە بەسەرماندا کەوتووە، بەردەوامین لە هێشتنەوەی بڵێسەی نەورۆز، هەر نەورۆزێکیش گوندەکانمان وەک ئەستێرە دەدرەوشێنەوە، کاتێک بچووک بووم، من و خێزانەکەم بڵێسەی نەورۆزمان داگیرساند، پیاوەکان تایەی ئۆتۆمبێلەکانیان دەبردە سەر گردەکە و ئاگریان تێبەردەدا، لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکاندا خەڵک لەژێر فشارێکی زۆری دەسەڵاتدا ئاهەنگیان دەگێڕا.
ئەو کاتە ئاگرمان لەسەر لوتکەی شاخەکان داگیرساند و دواتر دەگەڕاینەوە ماڵەکانمان، زۆرجار سەربازەکان هەڵیانکوتایە سەر ئەو شوێنانەی کە ئاگریان تێدا داگیرساند و ئەو خەڵکەیان دەگرت کە لەوێ ئاهەنگیان گێڕابوو، ئاگری نەورۆز لە ٢١ی ئاداردا داگیرسێندرا، هێشتا ئاگر و دوکەڵی سەر لوتکەی شاخەکانم لەبیرە، ئەو نەریتانەی کە بە بۆنەی نەورۆزەوە بەڕێوە دەچوون، لە داگیرساندنی ئاگرەوە تا ئامادەکردنی جلوبەرگ، بۆ ئەوەی بیگوازێتەوە بۆ منداڵەکانی.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای کۆچەکە هەمان نەریت و تێکۆشان بەردەوام بوون، فشارێکی زۆر هەبووە، بەتایبەتی لەنێوان ساڵانی ١٩٩١بۆ ١٩٩٣، کاتێک ڕێگە نەدرابوو ئاهەنگی نەورۆز بگێڕن و هەرکەسێک ئاگری نەورۆز داگیرساندبێت یان ئاهەنگ بگێڕێت، دەستگیردەکرێت، سەرەڕای ئەو هەموو زوڵمە، ئێمە هەرگیز وازمان لە نەریتەکانمان نەهێنا، ئاگر دادەگیرسێنین و ئاهەنگ دەگێڕین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان و هەر بارودۆخێک بێت، دەچووینە ناوچەکانی ئاهەنگگێڕان، ئەوانەی نەیاندەتوانی بچنە ژوورەوە ئاگریان لە شەقامەکاندا داگیرساند، هەرکەسێک بتوانێت بچێتە ناو ناوچەی ئاهەنگەکانەوە، پشکنینی بۆ دەکرا و هەموو شتێک کە پەیوەندی بە داگیرساندنی ئاگرەوە هەبوو، دەستی بەسەردا دەگیرا، بۆیە پاڵتۆ و شاڵەکانمان داکەند و ئاگری نەورۆزمان داگیرساند، ساڵانی نەوەدەکان بەم شێوەیە تێپەڕی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای ئەو سەرکوتکردنەی کە لە ساڵانی پێشوودا ڕووبەڕووی بووەتەوە، ڕوویان لە ناوچەکانی ئاهەنگگێڕانی نەورۆز کردووە و ئەمڕۆش بەدوای ئەو ڕۆحە کۆنەدا دەگەڕێن، دەبێت ڕۆحی ساڵانی نەوەدەکان لە دڵی ناوچەکانی ئاهەنگگێڕانی نەورۆزدا بێت لە ساڵی ٢٠٢٥دا.
جەختیشی لەوە کردەوە کە خەڵک سەرەڕای ئەو هەموو ئازار و ستەمانەی کە ساڵانێکە بەردەوامە، پاشەکشەی نەکردووە، ئەو بڵێسەی نەورۆزە کە ئەمساڵ داگیرسێندرێت بڵێسەی ئازادی و ئاشتییە، نەورۆز ئازادی ئەم گەلە، و با نەورۆز ٢٠٢٥ ئارامی بۆ هەموومان بهێنێت، ئەمساڵ ئەم ئاگرە بۆ ئاشتی دادەگیرسێنین، ساڵانێکە خەباتی ئاشتی دەکەین، ئێستاش دەبێت بیخەینە بواری جێبەجێکردنەوە.