بەشداریی ژنان لە فێستیڤاڵەکاندا؛ دەنگێک بۆ کۆمەڵگەیەکی زیندوو

فێستیڤاڵە کولتووری و هونەرییەکان تەنها بۆ خۆشحاڵی و کات بەسەربردن نین، بەڵکوو بوارێکن بۆ ناساندنی کولتوور، هونەر و تواناکانی کۆمەڵگە، لەم بوارەدا، بەشداریی ژنان ڕۆڵێکی گرنگی لە زیندووکردنەوە و گەشەپێدانی فێستیڤاڵەکاندا هەیە.

میهرەبان سەلام

 

هەڵەبجە-ژنان بەشداری سەرەکی فێستیڤاڵەکانن و بوونەتە بەشێکی سەرەکی لە دروستکردنی ڕۆحی فێستیڤاڵەکان. بە تایبەتی لە فێستیڤاڵە کوردەوارییەکاندا، بەشداریی ژنان دەتوانێت ڕێگایەک بێت بۆ پیشاندانی توانایی و بەهرەی ژنانی کورد و پاراستنی میراسی کولتووری.

 

نیشاندانی وێنەی کورد بۆ جیهان

 کاتێک میدیا وێنەی ژنی کورد بە جلوبەرگی نەتەوەیی و بە سەروەریەوە بڵاودەکاتەوە، وێنەیەکی خاوەن قودرەتی کورد پیشان دەدات، فێستیڤالەکان شوێنێکن کە ژنان لە شار و گوند و هەر چوار پارچەی کوردستان کۆدەبنەوە و ئەزموون ئاڵوگۆڕ دەکەن، هەروەها کاتێک ژن بەشدار یان بەرپرسی فێستیڤالێک دەبن، ئەمە نامەیەکی بەهێزە بۆ کۆمەڵگەکە ژن دەتوانێت  پێشەنگ و بەرپرس بێت، دەشبێتە بەهێزکردنی متمانەی خۆیان چونکە زۆر ژنی گوند و شار هەیە یەکەم جارە لە فێستیڤالدا بەشدار دەبێت، ئەمە گۆڕانکاری گەورە لە ژیانیاندا دروست دەکات.

 

ئەو فێستیڤاڵانەی کە ژنان تێیدا بە جلوبەرگی کوردی جوانەوە بەشدارن، سەرنجی گەشتیاری بیانی زیاتر ڕادەکێشن.

 

ژنان بەشداری سەرەکی فێستیڤاڵەکانن

گولاڵە لە  سلێمانیەوە بە کاری دەستی و خواردن بەشداری فێستیڤاڵەکەی کردووەو وتی: لەدەرەوەی شاریش بەشداریمان کردووەو لە ناوەوەش بەشداریمان کردووە، ئیستا لە ئەحمد ئاوا لە خورماڵ و لە هەڵەبجەو سلێمانی و چەمچەمال،. لە بەردەرکی سەراو  پارکی ئازادی و هەواری شار، ئەم فێستیڤاڵانە گرنگن  و هەم ژنان لەسەر پێی خۆیان دەوەستن و هەم لەماڵ دێنە دەرەوە، بەڵام هێشتا لە هەندێک کۆمەڵگەدا ژنان لەگەڵ بەربەست و سنووردارییە کۆمەڵایەتییەکان بەرەوڕوون، کە دەکرێت بەشدارییان لە چالاکییە گشتییەکاندا کەم بکاتەوە، بۆیە پێویستە فێستیڤاڵەکان ژینگەیەکی ئارام، ئازاد و گونجاو بۆ هەمووان دابین بکەن، تا ژنان بتوانن بە ئازادی تواناکانی خۆیان پیشان بدەن.

 

"من لەگەڵ کچەکەم پێکەوە کار دەکەین"

گوڵاڵە بەکارە دەستتیەکانی کچەکەی بەشداربووەو وتی: ئەم فێستیڤاڵە لە گەورانە  خەڵک بەشدارەو ئەگەر مرۆڤ بەکەم قایل نەبێت بە زۆریش قایل نابێت، بە گروپ دێین و لەگەڵ کچەکەم پێکەوە دێین،  بەتەنها بەجێی ناهێڵم، بەشداریی ژنان لە فێستیڤاڵەکاندا تەنها بابەتێکی تایبەت بە ژنان نییە، بەڵکو نیشانەی کۆمەڵگەیەکی کراوە و پێشکەوتووە، هەرچەند ژنان زیاتر لە بوارە کولتووری و هونەرییەکاندا دەنگیان بەرز بکەنەوە، ئەوەندە فێستیڤاڵەکان دەبنە شوێنێک بۆ هاوبەشی، گفتوگۆ و ناساندنی تواناکانی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پشتیوانی لە بەشداریی ژنان لە فێستیڤاڵەکاندا پشتیوانییە لە هونەر، کولتوور و داهێنان، ژنان نابێت تەنها تماشاکەر بن، بەڵکوو دەبێت ڕۆڵێکی سەرەکییان لە بەڕێوەبردن و دروستکردنی ئەم بۆنانەدا هەبێت، چونکە کۆمەڵگەیەکی زیندوو ئەو کۆمەڵگەیەیە کە دەنگی هەمووانی تێدا دەبیسترێت.