بەشداربووانی ڕێپێوانی کۆبانێ: خاک و دەستکەوتەکانمان دەپارێزین

سەرەڕای بۆردومانکردنی شاری کۆبانی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، دانیشتووانی کۆبانێ لەدژی هێرشە بەردەوامەکان چوونە سەر شەقامەکان و وتیان: خاک و دەستکەوتەکانمان دەپارێزین.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆبانی–دەوڵەتی تورکیا لە ئێوارەی دوێنێوە سەرجەم شار و کانتۆنەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای لەسەر سنوور بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومان دەکات، تا ئێستا زیاتر لە٤٢ شوێنی خزمەتگوزاری، تەندروستی، وێستگەی کارەبا، بەنزین و نەوت، بازگەکان، فڕۆکەخانەکان و ناوەندەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی بۆردومان کردووەو لە ئەنجامدا ١٢ کەس برینداربوون کە ژن و منداڵیان تێدایە.

 

لە بەرامبەر ئەم هێرش و بۆردومانانەدا کە بەبێ پچڕان بەردەوامن، ڕێپێوان و چالاکیی جۆراوجۆر لە سەرانسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەدەچن.

 

لەو چوارچێوەیەدا دانیشتووانی شاری کۆبانێ بە هەڵگرتنی وێنەی بریندارەکان و ئەوانەی لە بۆردومانی دەوڵەتی تورکدا گیانیان لەدەستداوە بەرەو سەرجەم دامودەزگا و فەرمانگەکان ڕێپێوانیان کرد و هەڵوێستی خۆیان لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەربڕی.

 

بەشداربووانی ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد لەناوەندی شاری کۆبانێ کۆبوونەوە و بە دروشمی "بەرخۆدان ژیانە"، "نا بۆ داگیرکاری" و "بێ سەرۆک ژیان نابێت" بەرەو گۆڕەپانی شەهید عەگید چوون.

 

دوای خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدان، بۆزان خەلیل، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە" قسەی کردو ڕایگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە ئامانجی تەسفیەکردنی شۆڕش و دەستکەوتەکانە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاو دووپاتیکردەوە کە خاک و دەستکەوتەکانیان دەپارێزن.

 

ڕێپێوانەکە بە سڵاوکردن لە بەرخۆدان لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کۆتایی هات.