بێریڤان محەمەد: ئامانجی دەوڵەتی تورک لەناوبردنی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوایە
بێریڤان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پەیەدە لە باشووری کوردستان دەڵێت: بە ئامانجی نەمانی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوای کوردستاندا، دەوڵەتی تورکیا هێرشی درۆنی ئەنجام دەدات.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان، لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا ئەنجام درا، هێرشەکان لە ژێرخانی ئابووریەوە دەستیپێکرد، لە ماوەی چوار ڕۆژدا تەواوی وێستگەی کارەبا، غاز و ئاو لە ژێر بێدەنگی نێودەوڵەتیدا کراونەتە ئامانج، کە ئامانج لێی لەناوبردنی خۆبەڕێوەبەرییە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا، هەروەها دەوڵەتی تورکیا ئامانجی لەناو بردنی سەقامگیری ناوچەکە و زیندوکردنەوەی شەڕی داعشە، تا گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بە هەمان بارودۆخی سەختی ژیانکردندا گوزەر بکەن.
لە ئەنجامی چوار ڕۆژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ١٧ شەهید و ٦٥ برینداری لێکەوتەوە، ئامانجی دەوڵەتی تورکیا گێڕانەوەی بارودۆخی ڕۆژئاوایە بۆ شەڕی داعش.
"هێرشەکانیان بە ئامانجی لە ناوبردنی گەلی کوردە"
بێریڤان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پەیەدە لە باشووری کوردستان قسەی بۆ کردین و ئاماژەی بەوەکرد، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ٢٣ی تشرینی یەکەم هێرشی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا، وتی: دەوڵەتی تورکیا بەردەوام هێرشەکانی بۆسەر هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا و دەوروبەری ئەنجام دەدات، لە ئێستادا هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەر بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان چڕکراوەتەوە، هێرشەکانیان بە ئامانجی لە ناوبردنی گەلی کوردە، دەزانین دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوادا کینە و نەفرەتی هەیە، خۆبەڕێوەبەری بە ئامانجی سەقامگیری و یەکسانی لەڕۆژئاوادا لە دوای شەری داعش و گرتنەوەی ڕۆژئاوابوو لە لایەن شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژە، دەوڵەتی داگیرکەر لە ئەنجامی گرتنەوەی ڕۆژئاوا و هەبوونی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوادا، دەوڵەتی داگیرکەر دژ بە هاوڵاتیان و تێکدانی سەقامگیری هێرشەکانی ئەنجامدا، لە ئەنجامدا هاوڵاتیانی سڤیل و شوێنە ستراتیجیەکانی ڕۆژئاوا بە ئامانج دەگیرێن، هێرشەکان تەنها هێرشێک نەبوو بۆ ناوچەیەکی سەربازی بەڵکو هێرشەکە بەرامبەر هاوڵاتیانی سڤیل ئەنجامدرا، ژنان و منداڵان شەهید و بریندار بوون، هەبوونی جەنگ و شەهیدکردنی ژن و منداڵ لە ناوچەکەدا دژ بە هەبوونی مافی مرۆڤە، پێویستە مافی مرۆڤ هەڵوێستە لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بکات، مافی سەرەتای و ئازادبوون بۆ هاوڵاتیان و لەناویاندا منداڵان بگەڕێتەوە، تۆپبارانەکانی دەوڵەتی داگیرکەر ئەو ناوچانە دەکاتە ئامانج کە گەل تێیدا پارێزگاری لە خاکەکەی خۆیان دەکەن.
"پەیامەکەی ڕێبەر بەرخۆدان و تێکۆشانی دووپاتکردەوە"
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، لە دوای دیداری ڕێبەر ئۆجالان لە لایەن بنەماڵەیەکەوە چەندین پەیامی ئاڕاستەی هاوڵاتیان و خەباتکاران، تیایدا ئاماژەی بە بەرخۆدان و بەرگریکردن لە خاک کرد، پاشان هێرشەکان بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدرا، وتی: دیداری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ بنەماڵەکەی جێگای دڵخۆشی بوو، لە لایەن ڕێبەرەوە نامەیەک بۆ هاوڵاتیان نێردرا، تێیدا بەرخۆدان و تێکۆشان، بەرخۆدانی دژ بە داگیرکاری و هێرش دوپاتکردۆتەوە، پاش هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا بۆردومانکردن، گەلی ڕۆژئاوا لەسەر پەیامی ڕێبەری گەلی کورد بەرخۆدان دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەر ئەنجام دەدەن، هێرشەکان بۆسەر ڕۆژئاوا ناڕوایەتیەکی گەورەیە دەرهەق بە گەل دەکرێت، لە کاتێکدا هەرێمی خۆبەڕێوەبەری سەقامگیری بەخۆیەوە دەبینی، لە کاتی هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆسەر لوبنان، کاتێک هاوڵاتیان گەڕانەوە بۆ سووریا، خۆبەڕێوەبەری سووریا دەرگاکانی بەڕووی ئاوارەکاندا کردەوە، پەناگە و پێداویستیەکانیان بۆ دابین دەکردن، دەوڵەتی داگیرکەر ئامانجی لە ناوبردنی تەواوی ئەو سەقامگیریانەبوو کە لە ناوچەکەدا هەبوو.
لە کۆتاییدا بێریڤان محەمەد وتی: دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بیناسازی و ئاشتی ڕۆژئاوا لە ناو ببات، هێرشەکان بە شێوازێکی سیستماتیک ئەنجام دەدرێت، بۆ لەناوبردنی ئاشتی و ئارامی ناوچەکانە، دەیانەوێت لە ڕۆژئاوادا گەل و ژنان و منداڵان وەک شوێنێکی ئارام لێی نەڕوانن، پێویستە مافی تەواوی هاوڵاتیان دەستەبەر بکرێت.