بەرەی یەکڕیزیی دژی داگیرکاریی ڕێگری ئاسایشی سلێمانی شەرمەزار دەکات

لە بارەی ڕێگرییکردن لە دامەزراندنی بەرەکەیان لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە، بەرەی یەکڕیزیی دژی داگیرکاریی ڕایگەیاند، بە توندی ئیدانەی ئەو کارەی ئاسایشی سلێمانی دەکەن و داوا لە ئازادییخوازانیش دەکەن پێویستە بە توندی لە دژی هێرشە داگیرکارییەکان بووەستنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە بەرامبەر لەشکرکێشی و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان کە لە ١٥ی حوزەیرانەوە داگیرکاری بەهێنانی کەرەستەو سەرباز زیاتر هاتووەتە ناو خاکی باشوورەوە، دوێنێ ٢٢ی تەمووز، بەرەی یەکڕیزیی دژی داگیرکاریی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ویستی دامەزراندنی خۆی ڕابگەیەنێت، بەڵام لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە لە دوو شوێنی جیاواز ڕێگریی لێکرا و دوو ئەندامیان بریندار کرا.

 

 لەو بارەیەوە بەرەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: بڕیاربوو لە باخی گشتیی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەلایەن کۆمەڵێک ڕێکخراوەوە ئەنجام بدرێت بە مەبەستی ڕاگەیاندنی (بەرەی یەکڕیزیی دژی داگیرکاریی)، بەڵام ئەم کارە بەر لە کۆبوونەوەی خەڵکی ڕووبەڕووی پەلاماردان بوونەوە و تەواوی دەزگاكانی ڕاگەیاندنیشیان دەرکرد و پێیانڕاگەیاندن کە ڕێگەپێدراونین هیچ جۆرە ڕووماڵ و زانیارییەک لەبارەی گردبوونەوەکە ئەنجام بدەن.

 

ئاماژە بەوەشکردوە، کەسانێک کە بە مەبەستی بەشدارییکردن چووبوون ڕووبەڕووی پەلامار و ڕێلێگرتن بوونەوە، بۆیە دواجار لیژنەی سەرپەرشتی (بەرەی یەکڕیزیی دژ بە داگیرکاریی) دەستبەجێ بڕیاریدا کە کۆنگرە ڕۆژنامەگەرییەکە بباتە بەردەرکی سەرا و لەوێ ئەنجامی بدەن، بۆیە بە گەشتنی بەشێک لە هەڵسوڕاوانی ئەم ڕێکخراوانە لەبەردەرکی سەرا دەستکرا بە ڕاگەیاندنی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە، لە کاتی خوێندنەوەی ڕاگەیاندنە هاوبەشەکە لە لایەن دڵسۆز زەنگەنەوە، لەپڕ هێزەکانی ئاسایش بە شێوەیەکی دڕندانە و ناشیرین پەلاماری بەشداربووانیاندا، بەڵام هەڵسوڕاوان شوێنەکەیان جێنەهێشت و بە درووشم وتنەوە دژ بە داگیركاریی و هاوكارانی داگیركەران بەرگریان كرد، لەبەرامبەر بە پەلاماردانەکانی ئاسایشدا وەستانەوە، بەڵام ئاسایش دواتر کەوتنە ئازار و ئەشکەنجەدانی هەڵسوڕاوان.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: سەرباری بریندارکردنی هەڵسوڕاوێکمان كە پیشەی پارێزەرە بە ناوی نەریمان ئەحمەد بە جۆرێك كە لوتی بە زەبری هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی شكێندراوە، هەروەها دەستیانگرت بەسەر کەرەستە ڕۆژنامەوانییەکانی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوزدا.

 

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەی بەرەکەدا هاتووە: ئێمە لە بەرەی یەکڕیزیی دژ بە داگیرکاریی، كە نوێنەرایەتی دەیان گرووپ و ڕێكخراو و كەسایەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، سەرباری ئەوەی بە توندی سەرزەنشت و ئیدانەی ئەم کارە قێزەونەی ئاسایشی سلیمانی دەکەین کە بەوجۆرە هاودڵی و هاوکاری خۆیان بۆ حکومەتی تورکیا دەربڕی، هاوکات داوا لە خەڵکی ناڕازیی و ئازادییخواز دەکەین کە سەرباری ڕیسواکرنی ئەم سیاسەتەی ئاسایش و دەسەڵاتی سلێمانی، پێویستە بە توندی ڕاوەستینەوە دژ بەم داگیرکاییە و نائارام کردنی ژیانی خەلکی کوردستان.