قەڵادزێ بە برینداری یادی ٥٢ ساڵەی بۆردوومانکردنی دەکاتەوە

٥٢ سال بەسەر بۆردوومانکردنی قەلادزێ لەلایەن ڕژێمی بەعس تێپەڕدەبێت، بەڵام تا ئێستا برینەکان ساڕێژ نەکراون و هەموو ساڵ لەمڕۆژەدا برینەکە دووبارە دەبێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ کاتژمێر ١٠:٠٠ بەیانی، چەند فڕۆکەیەکی رژێمی سەدام بۆردوومانی شاری قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانییان کرد، کە ئەو کاتە لە شارەکە بوو. بەهۆیەوە ١٣٤ هاونیشتیمانی شەهید بوون و زیاتر لە ٢٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

 

زانکۆی قەڵادزێ کە ئەو کات زانکۆی سلێمانى بوو بۆ شارۆچکەکە گواسترابووەوە بووە ئامانجی بۆمبی ناپاڵمی بەعس و دەیان خوێندکارو مامۆستا شەهید بوون و زانکۆکەکەش بە تەواوی وێنراکرا.

 

لە ڕۆژی ٢٤ی ساڵی ١٩٨٢ هاوڵاتییان و خوێندکاران و مامۆستایانی شارۆچکەی قەڵادزێ بەمەبەستى یادکردنەوەى بۆردوومانەکەی ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا، بەڵام ڕژێمی سەدام حسێن دیسانەوە بە دڕندانەترین شێوە و بە فڕۆکە و تانکی سەربازی هێرشی کردە سەر خۆپیشاندانەکە و دەیان کەسی شەهیدو بریندار کرد.

 

هەروەها لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٩ پڕۆسەی ڕاگواستنی شارۆچکەی قەڵادزێ و گوندەکانى ناوچەکەی بۆ ئۆردوگاکانی خۆرئاوای خەبات  لە هەولێرو بازیان لە سلێمانی دەست پێکرد، دوای بە زۆرملێ چۆڵکردنی تەواوی گوند و شارۆچکەکە سەرجەم خانوو و قوتابخانە و مزگەوتەکان تەقێندرانەوە و سوتێندران.

 

لە ساڵی ١٩٩٠ بەدواوە ئەو هاوڵاتییانەى خەڵکی قەڵادزێ و پشدەر بوون گەڕانەوەو شارۆچکەکەیان ئاوەدان کردەوە، دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بەتەواوی سنووری پشدەر بە گشتى ئاوادانکرایەوە و لەدەستى ڕژێمی بەعس ڕزگاریان بوو.

 

تا ئێستا حکومەتى عێراق هیچ قەرەبوویەکیشی بۆ ئەو شارۆچکەیە تەرخان نەکردووەو چەندین پڕۆژەى تەواوی نەکراو لە شارۆچکەکەدا هەن.