قەڵادزێ بە برینداری یادی ٥٢ ساڵەی بۆردوومانکردنی دەکاتەوە
٥٢ سال بەسەر بۆردوومانکردنی قەلادزێ لەلایەن ڕژێمی بەعس تێپەڕدەبێت، بەڵام تا ئێستا برینەکان ساڕێژ نەکراون و هەموو ساڵ لەمڕۆژەدا برینەکە دووبارە دەبێتەوە.
ناوەندی هەواڵ
لە ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ کاتژمێر ١٠:٠٠ بەیانی، چەند فڕۆکەیەکی رژێمی سەدام بۆردوومانی شاری قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانییان کرد، کە ئەو کاتە لە شارەکە بوو. بەهۆیەوە ١٣٤ هاونیشتیمانی شەهید بوون و زیاتر لە ٢٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
زانکۆی قەڵادزێ کە ئەو کات زانکۆی سلێمانى بوو بۆ شارۆچکەکە گواسترابووەوە بووە ئامانجی بۆمبی ناپاڵمی بەعس و دەیان خوێندکارو مامۆستا شەهید بوون و زانکۆکەکەش بە تەواوی وێنراکرا.
لە ڕۆژی ٢٤ی ساڵی ١٩٨٢ هاوڵاتییان و خوێندکاران و مامۆستایانی شارۆچکەی قەڵادزێ بەمەبەستى یادکردنەوەى بۆردوومانەکەی ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا، بەڵام ڕژێمی سەدام حسێن دیسانەوە بە دڕندانەترین شێوە و بە فڕۆکە و تانکی سەربازی هێرشی کردە سەر خۆپیشاندانەکە و دەیان کەسی شەهیدو بریندار کرد.
هەروەها لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٩ پڕۆسەی ڕاگواستنی شارۆچکەی قەڵادزێ و گوندەکانى ناوچەکەی بۆ ئۆردوگاکانی خۆرئاوای خەبات لە هەولێرو بازیان لە سلێمانی دەست پێکرد، دوای بە زۆرملێ چۆڵکردنی تەواوی گوند و شارۆچکەکە سەرجەم خانوو و قوتابخانە و مزگەوتەکان تەقێندرانەوە و سوتێندران.
لە ساڵی ١٩٩٠ بەدواوە ئەو هاوڵاتییانەى خەڵکی قەڵادزێ و پشدەر بوون گەڕانەوەو شارۆچکەکەیان ئاوەدان کردەوە، دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بەتەواوی سنووری پشدەر بە گشتى ئاوادانکرایەوە و لەدەستى ڕژێمی بەعس ڕزگاریان بوو.
تا ئێستا حکومەتى عێراق هیچ قەرەبوویەکیشی بۆ ئەو شارۆچکەیە تەرخان نەکردووەو چەندین پڕۆژەى تەواوی نەکراو لە شارۆچکەکەدا هەن.