بۆردوومانکردنی زیاتر لە هەزارو ٢٠٠ ماڵ و دامەزراوە لە یەمەن لەلایەن حوسیەکانەوە بەڵگە کراوە
تۆڕی ماف و ئازادییەکانی یەمەن لە ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەدا کە تایبەت بوو بە مافی مرۆڤ، بەڵگەنامەکانی خۆی ئاشکرا کرد سەبارەت بە هەزار و ٢٣٢ تەقینەوە کە ماڵ و موڵکی گشتی و تایبەتیان کردۆتە ئامانج کە لەلایەن حوسییەکانەوە لە ١٧ پارێزگای یەمەن ئەنجامدراوە.

یەمەن
لەنێوان پەرەسەندنی بەردەوامی پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی لە یەمەن، دەنگەکانی مافی مرۆڤ زیاتر هۆشداری دەدەن لە مەترسی توندوتیژی سیستماتیکی حوسییەکان بە ئامانجی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری، ئەمەش گوزارشت لە سیاسەتێکی سەرکوتگەرانە دەکات، کە بە بێ گوێدان بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێککەوتننامە مرۆییەکان هەوڵدەدات ڕاستییەک بە زۆر بسەپێنێت.
تۆڕی ماف و ئازادییەکانی یەمەن، بەڵگەنامەکانی خۆی لەبارەی تەقینەوەکانی یەمەن ئاشکرا کرد کە هەزار و ٢٣٢ ماڵ و موڵکی گشتی و تایبەت لە ١٧ پارێزگای یەمەن کردبووە ئامانج، کە لەلایەن حوسییەکانەوە لە ئەیلوولی ٢٠١٤ تا ١ی ئادار ئەنجامدراون.
ڕاپۆرتێک تاوانەکانی حوسییەکان لە یەمەن بەڵگە دەکات
لە ڕاپۆرتی مافی مرۆڤدا ئاماژە بەوە کراوە کە حوسییەکان ٩٨٧ ماڵی نیشتەجێبوون و ٧٦ مزگەوت و ناوەندی لەبەرکردنی قورئان و ٣٩ خوێندنگە و دامەزراوەی پەروەردەیی و ٣٧ ناوەند و دوکان و ٦٣ کێڵگە و بیری ئاوی خواردنەوە و ١٨ بارەگای پارت و ٢٩ بینای حکومی و نۆ دامەزراوەی تەندروستی و چوار شوێنی شوێنەوارییان تەقاندووەتەوە، هەروەها ١٥٦ پرد و ڕێگا گشتییەکانیان تێکشکاندووە.
پێشێلکارییەکانی حوسییەکان بەرامبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی چڕتر دەبنەوە
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، حوسییەکان لە دوای کودەتاکەیانەوە کارە سەرکوتگەرییەکانیان لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی چڕتر کردووەتەوە، لەوانە کوشتن و ئاوارەبوون و بۆردوومانی، ئەمەش لە چوارچێوەی سیاسەتێکی سیستماتیکدا بە ئامانجی سەپاندنی پرۆژە ئایدیۆلۆژییەکەیان و بنبڕکردنی هەر بەرخۆدانێکی کۆمەڵایەتی بەرامبەر بە دەسەڵاتەکەیان.
تۆڕەکە جەختی لەوە کردەوە کە بۆردوومانکردنی ماڵەکان یەکێکە لەو پێشێلکارییە قێزەونانەی کە لە دەرەوەی یاسا ئەنجام دەدرێت، ئەمەش ڕووی ڕاستەقینەی حوسییەکان ئاشکرا دەکات، کە درێغی ناکەن لە کردنە ئامانجی هاوڵاتیانی بێتاوان و موڵک و ماڵی ئەوان لە سەرپێچییەکی ئاشکرای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و ڕێککەوتننامەکانی مافی مرۆڤ.
تۆڕەکە لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردەی تایبەتی خۆی لە یەمەن و سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە بە ئاشکرا تاوانباری ئەو تاوانانە بکەن، ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و شوێنەکانی پەرستن و دامەزراوە پەروەردەییەکان لەو بە ئامانجگرتنی دووبارە و سیستماتیکی لەلایەن حوسییەکانەوە.