بۆردومانەکانی سەر فاشر ٦٢ کوژراو و سەدان برینداری لێکەوتەوە

لە ئەنجامی بۆردومانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ بازاڕەکان و گەڕەکە نیشتەجێبوونەکان لە ماوەی هەینی و شەممەدا لە شاری فاشر لە ویلایەتی دارفۆری ڕۆژهەڵات ٦٢هاوڵاتی کوژران و سەدان کەس بریندار بوون.

سودان

 

شاری فاشر پایتەختی ویلایەتی دارفۆری باکوور لە ڕۆژئاوای سودان، لە سەرەتای شەڕی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، بە بەردەوامی ڕووبەڕووی بۆردومان و هێرشی یەک لە دوای یەک لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێراوە بووەوە.

 

بە وتەی دانیشتووانی شارەکە، ئەوانەی هێشتا لە شارەکەدان، هەرچەندە چەند مانگێک لەمەوبەر ژمارەیەکی دیکە بەرەو ناوچەکانی دیکە هەڵاتوون، بۆردومانەکانی ڕۆژانی هەینی و شەممە قورسترین بووە.

 

ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور لە خەرتوم ڕایگەیاند، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان هێزەکانی سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، ژمارەیەکی زۆر کوژراو و برینداربوونی مەدەنی ڕوویانداوە، کە تا ئێستا بەهۆی پچڕانی تۆڕەکانی پەیوەندی لە شارەکانی خەرتوم پایتەختی سودان تا ئێستا دەستنیشان نەکراوە.

 

لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٣وە سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا شەڕێک دەکەن کە بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە ٢٠ هەزار کوژراو و نزیکەی ١٠ ملیۆن ئاوارە و پەنابەری لێکەوتووەتەوە.

 

بانگەوازەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە زیاتر دەبن بە مەبەستی ڕزگارکردنی سودان لە کارەساتێکی مرۆیی کە دەستیکردووە بە پاڵنانی ملیۆنان کەس بۆ برسێتی و مردن بەهۆی کەمیی خۆراک بەهۆی ئەو شەڕەوە کە لە کۆی ١٨ ویلایەتی لە ١٣ ویلایەتدا بڵاوبووەتەوە.