لە دێرسیم و پولور لە دژی دانانی قەیوم ناڕەزایەتی بەردەوامی هەیە
لەئەنجامی دوورخستنەوەی هاوسەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردراو و دانانی قەیوم لە دەرسیم و پولور، گەل چوونە سەر شەقام و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە سیاسەتی دەستبەسەردا گرتن.
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/11/20241123-dersiiim-jpg0a2ca2-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بە دانانی قەیوم لە دێرسیم و پولور سەرۆک شارەوانی ئەو شارانەی لە کارەکانیان دوورخستەوە, ئەم کارەی دەوڵەتی تورکیا بووە هۆی کاردانەوەی ناڕەزایی خەڵک و گردبوونەوە لەبەردەم شارەوانییەکان.
شارەوانی دێرسیم لەژێر بەڕێوەەری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل، دەم پارتی و شارەوانی پولور لەژێر بەڕێوەبەری پارتی کۆماری گەل "جەهەپە" بوو، کە سەرۆک شارەوانییەکانی بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە ڕێکخراو و گروپە نایاساییەکان" لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٦ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا.
لە ئەنجامی ئەم چالاکییەدا سەدان کەس لە بەردەم بینای شارەوانی کۆبوونەوە و بە دەستوەردانی هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا، کۆبوونەوە گشتییەکان بەرەو توندوتیژی ڕۆشتن و سەرەڕای هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، ئەوان بەردەوام بوون لە ناڕەزایەتیەکانیان.
دانانی قەیوم لە کاتێکدا بووە کە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و چالاکوانانی مافی ژنان لەم بارەوە گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامداوە و دانانی قەیومیان بە "شێوەیەکی دامەزراوەیی توندوتیژیی دەوڵەتی پیاوان" زانیوە و ئەم کارەیان لە دژی ژنان و شێوازێکی ژنکوژی ناوبردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیا شارەوانیی دێرسیمیان بە بەربەستی کۆنکرێتی گەمارۆدا و گەلیش بەردەوامن لە بەرخۆدانیان.