برادۆست بۆردومان کراو دوو کەس بریندار بوون
کوێستانی لۆلان و بناری چیای شەکیویان لە دەڤەری برادۆست لەلایەن سوپای تورکیاوە تۆپباران کراوبەهۆیەوە دوو کەس بریندار بوون.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ١٥ی حوزەیران، دهوڵهتی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی لە باشووری کوردستان لە ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین دەستپێکرد، لە هەمان کاتدا هێزێكی سەربازی گەورەی هێناوهته باشووری کوردستان و لە لەشکرکێشیش بەردەوامە، بەدەر لە ئاگرکەوتنەوە لە چیاو دارستانەکانی ئامێدی بەهۆی بۆردمانەوە کە بووەتە هۆی تێکدانی ژینگەی ناوچەکە، دانیشتووانی چەند گوندێکیش گوندەکانیان چۆڵ کردووەو ناتوانن بچنە زەوییە کشتوکاڵییەکانیانەوە.
بەپێی زانیارییەکان دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەو سنوورە بازگەی داناوەو داوای ناسنامە لە هاوڵاتیان دەکات، هاوکات بە خاکی خۆی دەزانێت و لەسەر دیوارێکی کۆنکرێتی بە عەرەبی نووسراوە "هاتنە ناو خاکی تورکیا قەدەغەیە".
لە بەرامبەر ئەم داگیرکارییە کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە، حکومەتی هەرێم و عێراق بێدەنگن و بەمەش ڕەوایەتییان داوە بە داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان.
لە درێژەی داگیرکارییەکان و بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر باشووری کوردستان، ئەمڕۆ ١٢ی تەمووز، کوێستانی لۆلان و بناری چیای شەکیویان لە دەڤەری برادۆست لەلایەن سوپای تورکیاوە تۆپباران کراوبەهۆیەوە دوو کەس بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکان بەهۆی بەردەوامی بۆردومان و مەترسییەوە، ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن نەیتوانیووە بگاتە بریندارەکان.
بەپێی ئامارێکی تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەدەر لەو بۆردومانەی ئەمڕۆ، دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەزار و ٧٨ جار بۆردوومانی باشووری کوردستانی کردووە.