دەم پارتی: با دەستبەجێ بۆردوومانەکان کۆتایی بێت
دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندی دەم پارتی ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی خەڵکی مەدەنی پێشێلکردنی پێوەرەکانی یاسای نێودەوڵەتییە و داوای کرد، "بۆردوومانکردنی ناوچە مەدەنییەکانی ژیان پێویستە دەستبەجێ کۆتایی پێبێت".
ناوەندی هەواڵ
دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان-دەم پارتی سەبارەت بە هێرشە قڕکردنەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە کوردستان لێدوانێکی دا.
لە ڕاگەیاندراوەکەداهاتووە، "ئەو هێرشە ئاسمانیانەی دوای هێرش بۆ سەر بارەگای توساش لە کەهرامان کازان لە ئەنقەرە دەستیپێکردووە، تەنیا ڕووداوەکانی توندوتیژی لە ناوچەکە قووڵتر دەکاتەوە، بۆردوومانی زۆرێک لە ناوەندەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەتی لە کۆبانێ، ژیانی زۆرێک لە خەڵکی مەدەنی دەخاتە بەر مەترسی و وێرانکەرە، کاریگەری شەڕەکە کارەساتێکی گەورەیە بۆ هەموو لایەنەکانی ناوچەکە، بەردەوامبوونی شەڕ تەنیا زیانی زیاتر و ئازاری زیاتری بەدوای خۆیدا دەهێنێت، داوا لە هەموو لایەک دەکەین ڕێگاکانی چارەسەری ئاشتیانە و گفتوگۆ قبوڵ بکەن".
ئەمە لە کاتێکدایە شەوی ڕابردوو، ٢٣ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو لە شەنگال هێرشکرایە سەر ماڵی خەڵک لە گوندی بارێ سەر بە خانەسۆر و شارۆچکەی دوگیری، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ژنێک بریندار بووە.
هەروەها لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوای هێرشەکەی سەرگرێسپی و مەنبج و کۆبانێ، بە هێرشکردنە سەر تل ڕەفعەت، ٤ هاوڵاتی مەدەنی کە یەکێکیان منداڵ بوو، کردە ئامانج، لە قامیشلۆش لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا ٣ کەس گیانیان لەدەستدا، دەیان کەسیش بریندار بوون.
ئەم بۆردوومانانە هاوکاتە لەگەڵ بۆردوومانی چیای ئاسۆس و ناوچەی زەلان لە دەڤەری شارباژێر سەر بە پارێزگای سلێمانی.