ژنانی سودان لەو ناوچانەی تیایدا ئاوارەبوون ئازار دەچێژن

بەهۆی شەڕی بەردەوامی ئەو وڵاتە، ژنانی سودان تووشی نائارامی بوونەتەوە بەتایبەتی ژنانی ئاوارە، کە بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانیان و نەبوونی سەرەتاییترین پێداویستییەکانیان ژیانیان قورس بووە.

میرفەت عەبدولقادر

 

سودان- بەگوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، ژمارەی ئاوارەکان تا ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە ١٠ ملیۆن، کە ژنان و منداڵان لە ٪٨٠ی پێکدەهێنێت.

 

نەمارق نەمیری، یەکێک لە ژنە ئاوارەبووەکانی شاری پۆرت لە سودان، نەیدەزانی کۆچکردن و ئاوارەبوون هێندە سەخت دەبێت بۆی، بەتایبەت دوای ئەوەی خۆی و منداڵەکانی هەزاران میلیان بە پێ بڕیوە تا گەیشتوونەتە جەزیرە، پاشان دووبارە لەوێ بەهۆی شەڕەوە ئاوارەبوون.

 

سەبارەت بە ئازارەکانی ژنان لە ناوچەکانی ئاوارەبوون، بەتایبەت ژنانی دووگیان، ئاماژەی بەوەدا، لە پێناو تێرکردنی برسێتی منداڵەکانیدا ناچار بووە کار بکات، بەڵام ژنانی دووگیان زیاتر بەدەست نەبوونی چاودێر، پشکنین و پزیشکەوە دەناڵێنن، چونکە لە کاتی لەدایکبوونی منداڵەکانیان پێداویستییە سەرەتاییەکانیشیان بەردەست نییە، بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی وڵات ڕێگەیان پێنادەن لە بازاڕەکاندا کاربکەن، هەندێکیشیان لەوانە بە تایبەتی ڕێگرییان لێدەکرێت لە کارکردن، بۆیە دۆخی ژیانیان زەحمەتتر بووە.

 

فێمینیستەکان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا لە دوای ڕووخانی حکومەتی بەشیر و پێدانی ڕۆڵ و دەسەڵاتیان لە ژێر دەسەڵاتی مەدەنی پێشوودا ڕۆڵێکی گەورەیان لە داواکردن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان هەبووە، بەڵام لە ئێستادا قورسە بۆیان بگەنە ژنانی ئاوارە و هاوکارییان بکەن.

 

"حکومەت لە ئاستی دۆخی ئاوارەکاندا بێدەنگ بووە"

ئەمیرە عوسمان چالاکوانی مافی مرۆڤ، دەڵێت: دانانی ژنان لە ناوەندەکانی داڵدەدان لەو دەوڵەتانەی کە لەژێر دەسەڵاتی سوپای سوداندان بەو واتایەیە کە حکومەت خۆی لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ئاوارەکان بەدوور گرتووە، بەرپرسیارێتی ژیانیان خستووەتە سەر خێزانەکان و بەتایبەت ژنان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، داڕمانی ئابوری وڵات و لەدەستدانی هەلی کار و کاروباری بازرگانی هاوڵاتیان و گەڕاندنەوەیان لەلایەن حکومەتەوە بە بەڵێنی پێدانی کار و بەڕێوەبردن، وای لێکردن دۆخی ژیان بەرەو خراپتر بچێت، بەتایبەت دۆخەکە بۆ ژنان قورستر بوو.

 

ئەمیرە عوسمان ڕوونیکردەوە، لە ئەنجامی زیادبوونی بەردەوامی ژمارەی ئاوارەکان، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان لەناو کامپەکاندا هەن، ئەمەش ئازاری ژنان زیاتر دەکات، چونکە هیچ خزمەتگوزارییەکی سەرەتایی وەک ئاوی خواردنەوە و خۆراک بەردەست نییە، وتیشی: داوا لە بەرپرسان و حکومەت دەکەم کە شوێنی نیشتەجێبوونی سەلامەت بۆ ئاوارەکان دابین بکەن، کە لە گەرما و باران بیانپارێزێت بۆ ئەوەی بتوانن ئەو ژیانە بژین کە لەدەستیان داوە.