بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەکانی پاکستان ١٤ منداڵ گیانیان لەدەستدا
دوای تەقینەوەی هەواگۆڕکێیەک ئاگر لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئیسلام ئاباد کەوتەوە، بەهۆی ئاگرەکەوە لانیکەم ١٤ منداڵی ساوا لە بەشی چاودێری چڕ گیانیان لەدەستداوە.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان، ئەمڕۆ لە بەشی منداڵبوون و منداڵانی نەخۆشخانەی پیمس لە ئیسلام ئاباد ئاگرکەوتەوە و ١٤ منداڵی ساوا گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەمڕۆ میدیا ناوخۆییەکان بڵاویان کردۆتەوە، ئاگرەکە بەهۆی لەکارکەوتنی سیستەمی هەواگۆڕکێی نەخۆشخانەی پیمس لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان کەوتۆتەوە.
ئەوەش پشتڕاستکراوەتەوە کە ئاگرەکە لە نهۆمی سێیەمی بەشی منداڵبوون و منداڵانی پەیمانگای زانستە پزیشکییەکانی پاکستان (PIMS) کەوتووەتەوە. پێدەچێت بەهۆی تەقینەوەی کۆمپرێسەری یەکەی تەندروستی لە بەشی چاودێری چڕی تازەلەدایکبووان دەستیپێکردبێت.
تیمەکانی فریاکەوتن ڕایانگەیاند، ئاگرەکە بەتەواوی کوژاوەتەوە و تیمەکان بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانی ساردکردنەوە لە شوێنی ڕووداوەکە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئاگرەکە.