بەهۆی ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیری بە ژەهر کوشتیان

ژنێکی یەمەنی بەهۆی ئەوەی ڕەتیکردەوە هاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزاکەی بکات، لە پارێزگای تەعز لە باشووری یەمەن، لەلایەن براکانیەوە بە ژەهر کوژرا.

یەمەن

 

پارێزگای تەعز لە یەمەن شایەتحاڵی ڕووداوێکی دڵتەزێن بوو کە ژنێکی گەنج بە ناوی (ڕوئی عەبدە ئەحمەد)، تەمەن ٢٨ساڵ، لەلایەن براکانیەوە کوژرا، دوای ئەوەی ڕەتیکردەوە هاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزاکەیدا بکات.

 

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، ڕووداوەکە لە گوندی عەرکەب لە شارۆچکەی سەبر ئەلمەوادیم ڕوویداوە، کە براکانی ژنەکە پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە لەگەڵ ئامۆزاکەی هاوسەرگیری پێبکەن، لەکاتێکدا ڕوئی عەبدە ئەحمەد ویستویەتی هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی دیکەدا بکات کە دەستگیرانی بووە، ئەم ڕەتکردنەوەیە لەلایەن خێزانەکەیەوە بە بێدەنگی ڕووبەڕووی بووەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هەنگاوێکی ترسناک بنێن.

 

بەڕێوەبەری ڕێنمایی ڕەوشتی و پەیوەندییە گشتییەکان لە پۆلیسی تەعز ڕایگەیاند، تۆمەتباران دەستگیرکراون، لێکۆڵینەوەش دەستیپێکردووە بۆ ئاشکراکردنی بارودۆخی ئەم تاوانە، دەزگا ئەمنییەکان زۆر کاردەکەن بۆ ئاشکراکردنی هەموو وردەکارییەکانی ئەم ڕووداوە بە ئازارە و بردنی تاوانباران بۆ دادپەروەری.

 

ئەم ڕووداوە ئاماژەیە بۆ ئەو تەحەدا بەردەوامانەی کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە لە یەمەن، کە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و نۆرمەکانی خێزان بەردەوامن لە کاریگەریی زۆرەملێ لەسەر مافەکانیان بۆ بڕیاردانی کەسی، وەک هەڵبژاردنی هاوبەشی ژیان.